ئێران هەڕەشەی هەڵگرتنی کامێرای چاودێری وێستگە ئەتۆمییەکانی دەکات

ە چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی، دەستمان بە پیتاندنی یۆرانیۆمی 60%ی کردووە
کامێرای چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێران
کامێرای چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێران

K24 – هەولێر

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە قسەکانی ئەمدواییەی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و نیگەرانییەکانی لەبارەی کوژاندنەوەی کامێرا چاودێرییەکانی ئەو ئاژانسە، گوتی: ئەگەر تۆمەتەکان بەردوام بن، هیچ هۆیەک بۆ مانەوەی کامێراکان نییە.

محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران، لەگەڵ ئاماژەدان بەو تۆمەتانەی کە گوایە حکومەتەکەی هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، رایگەیاند: کامێراکان بۆ رەواندنەوەی ئەو تۆمەتانە بوون، بەڵام ئەگەر تۆمەتەکان بەردەوام بن، مانەوەی کامێراکان بێسوودن.

پێشتر رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، گوتبووی: پیتاندنی 60%ی یۆرانیۆم لەلایەن ئێران، بەو مانایە نییە کە ئەو وڵاتە دەیەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکات، بەڵام وڵاتێک کە ئامانجێکی سەربازی نەبێت، هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆمی 60%ی نادات.

گرۆسی هەروەها رایگەیاندبوو، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا، تواناییەکی کەمی چاودێریکردنی چالاکی ئەتۆمی ئێرانی لە رێگەی کامێراکانییەوە هەیە.

هەڵبەت محەمەد ئیسلامی، دووپاتی کردووەتەوە کە "ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نووسراو هەیە و بە چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی، دەستمان بە پیتاندنی یۆرانیۆمی 60%ی کردووە."

ئەوە لە کاتێکدایە کە رافائێل گرۆسی، رایگەیاندبوو کە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە خێرایی بەرەوپێش دەچێت و ئەگەر بڕیار بێت رێککەوتنێک بکرێت، بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی کارێکی ئەستەمە بتوانێت هەڵسەنگاندنێکی وردی لەبارەی چالاکیی ئەتۆمی چەند هەفتەی رابردووی ئێران هەبێت.

رافائێل گرۆسی،  ئەو پێنج هەفتەیەی بە سەردەمی "نابینایی سەپێندراو" ناوهێنا و لەبارەی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانەکان گوتی: گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستانەکان زۆر قورس نییە، بەڵام ئەمە کارێکی ئاڵۆزە و رەنگە پێویستی بە رێککەوتنێکی تایبەت هەبێت.