پاریس سانجێرمان له‌ ژاپۆن فێستیڤاڵی گۆڵكردنی تۆمار كرد

خۆشیده‌ربڕینی یاریزانانی پاریس دوای گۆڵه‌كه‌ی مێسی له‌ دژی ئۆساكای ژاپۆنی
خۆشیده‌ربڕینی یاریزانانی پاریس دوای گۆڵه‌كه‌ی مێسی له‌ دژی ئۆساكای ژاپۆنی

پاریس سانجێرمان کۆتایی بە گەشتە 10 رۆژییەکەی لە ژاپۆن دەهێنێت و لە سێیەم یاریی دۆستانەشدا لەسەر خاکی سامۆرای بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە گامبا ئۆساکای ژاپۆنی بردەوە، پێش ئەوەی گەشتی ئیسرائیل بکات و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە لە تەل ئەڤیڤ لە یاریی جامی سوپەری فەرەنسا رووبەڕووی نانت ببێتەوە.

شازادەکانی پاریس 28 خولەکیان پێویست بوو بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم و پابلۆ سارابیا کارەکەی مێسی تەواو کرد و پی ئێس جی بە گۆڵی یەکەم پێشخست.

دوای تەنیا دوو خولەک سانجێرمان بە ئازایەتی نێیمار دا سیلڤا لێدانێکی سزای وەرگرت.

نیمۆ هەر خۆی لێدانە سزاکەی جێبەجێکرد و لەم رێگەیەوە گۆڵی دووەمی بۆ یانە فەرەنسیەکە کرد.

یاریزانانی گامبا ئۆساکا بێ وەڵام نەبوون، هەر لە نیوەی یەکەم لە خولەکی 33 کیسۆکی کۆرۆکاوا گۆڵی یەکەمی کرد و جیاوازی ئەنجامەکەی بۆ گۆڵێک کەم کردەوە.

یارییەکی پڕ گۆڵ بوو، شازدەکانی پاریس لە گۆڵکردن ماندوو نەبوون، ئەمجارە لە خولەکی 37 نونو مێندێز گۆڵی سێیەمی لە دژی ئۆساکا کرد.

مێسی بۆ نێێمار، نێیماریش بۆ مێسی، ئەستێرەکەی تانگۆش ناوی لە لیستی گۆڵکاران نووسی و گۆڵی چوارەمی سانجێرمانی کرد.

لیۆ بە ئەسیستێکی نایاب قەرەبووی نێیماری کردەوە، سەماکەرەکەی سامبا تەنانەت گۆڵپارێزیشی بڕی و گۆڵی پێنجەمی کرد، برینەکانی ئۆساکای قوڵتر کرد، یاریزانانی گامبا گەڕانەوە و 20 خولەک بەر لە تەوابوونی یارییەکە هیرۆتۆ یامامای گۆڵی دووەمی کرد.

کیلیان مباپێ دوای هاتنە ناوەوەی بۆ یاریگا لێدانێکی سزای وەرگرت، مباپێ هەر خۆی لێدانەکەی کردە گۆڵی شەشەم و بەشداری لە کەرنەڤاڵی گۆڵەکان کرد.

پاریس سانجێرمان سێیەمین یاریی دۆستانەی لە ژاپۆن بە شەش گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و کۆتایی بە گەشتەکەی لە خاکی سامۆرای دێنێت، له‌ كۆی ئه‌و 3 یارییه‌ دۆستانه‌ی له‌ ژاپۆن ئه‌نجامی دا 11 گۆڵی تۆمار كرد، بڕیاریشە یانە فەرنسیەکە گەشتی ئیسرائیل بکات و لە کۆتایی ئەم مانگە لە تەل ئەڤیڤ لە جامی سوپەری فەرەنسا رووبەڕووی یانەی نانت دەبێتەوە.