"ئه‌و 3 هۆكاره‌ی واده‌كات مێسی بگه‌ڕێـته‌وه‌ بارسێلۆنا"

لیۆنێل مێسی كاپتنی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا
لیۆنێل مێسی كاپتنی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا

دەنگۆی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا رۆژ لە دوای رۆژ گەرمتر دەبێت، رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لە بلاوگراناش 3 هۆکار باس دەکات کە وا دەکات گەڕانەوەی لیۆ بۆ ریزەکانی یانەکەی پێشووی ئاسانتر بکات.

لەم چەند رۆژەی رابردوو دەنگۆیەکی بەهێز لەسەر گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا بڵاوبووەتەوە، هەرچەندە ئەو یاریزانە تاوەکو هاوینی ساڵی 2023 گرێبەستی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان هەیە، بەڵام سێ هۆکار هەن کە وادەکەن گەڕانەوەی ئەفسانەکەی پێشووی بارسا ئاسانتر بکات.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی راپۆرتێکی لەسەر ئەو سێ هۆکارەی گەڕانەوەی لیۆ بۆ بارسێلۆنا بڵاوکردووەتەوە، یەکەمیان دروستکردنی پێکهاتەیەکی توکمە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی چامپیۆنزلیگ، چونکە یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی لیۆ لە یانەکەی پێشووی، ئەوەبوو کە ئەو یانەیە توانای رکابەریکردنی لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکە نەمابوو.

لەم ساڵانە دواییە بارسێلۆنا بە دۆخێکی دارایی سەخت تێپەڕیوە، ئەمەش یەکێک لە بیانووه‌ سەرەکیەکان بوو کە کارگێری نوێی یانەکە بریار بدات گرێبەستی ئەفسانەکەی نوێ نەکاتەوە، بەڵام ئێستا ئەو یانەیە بە فرۆشتنی بەشێکی زۆر لە مافی پەخشی یارییەکانی توانیویەتی پارەیەکی باش کۆبکاتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە ئەوەیە، خانەوادەکەی لیۆنێل مێسی زۆر وابەستەنە بە شاری بارسێلۆنا و لەم شارە زۆر ئاسودە و دڵخۆشن، خودی لیۆ بەڵێنی پێداون رۆژێک دێت و دەگەڕێنەوە ئەو شارە، بۆیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە مێسی چانسی ئەوەی هەیە لەم کات و ساتەدا ئەو بەڵێنەی جێبەجێ بکات و دووبارە درێسی یانەکەی پێشووی لەبەر بکاتەوە.

مێسی لە ساڵی 2005 بۆ جاری یەکەم گرێبەستی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا واژۆ کرد، دوای 16 ساڵ یاریکردن لەگەڵ ئەو یانەیە و بەدەستهێنانی چەندین ناسناوی جۆراوجۆر، دواجار بە ناچاری لە ساڵی 2021 بریاریدا ئەو یانەیە جێبێڵێت و پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانی فەرەنساوە بکات.