به‌هۆی ریال مه‌درید، پاریس رێگایه‌كی سه‌یر ده‌گرێته‌به‌ر
پاریس سانجێرمان له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوو زۆرترین هه‌وڵی بۆ بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ داوه، به‌ڵام به‌رده‌وام به‌شێوه‌یه‌كی زه‌لیلانه دوورخراوه‌ته‌وه، له ئێستادا پاریس سه‌قاڵی ئه‌وه‌یه كه چۆن تیپه‌كه‌ی له ساته‌وه‌خته گرینگ و مێژووییه‌كان ئاماده بكات، له‌م پێناوه‌یشدا ستافێكی پزیشكی ده‌روونی بۆ یاریزانه‌كان ته‌رخان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی سیناریۆی شكسته‌كه‌ی وه‌رزی رابردوویان به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید بۆ وه‌رزی نوێ دووباره نه‌بێته‌وه.
رۆژنامه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسا له راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووه، كه شكسته‌كه شۆكهێنه‌ره‌كانی ساڵانی رابردووی پاریس سانجێرمان له چامپیۆنزلیگ، وایكردووه كارگێری پاریس پزیشكی ده‌روونی بۆ یاریزانه‌كان ته‌رخان بكات بۆ ئه‌وه‌ی چیتر به‌مشێوه‌یه له قۆناخه یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كانی چامپیۆنزلیگ به زه‌لیلی ماڵئاوایی نه‌كه‌ن، كه دوایینجار له قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ له یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ به‌رامبه‌ر ریال مه‌درید روویدا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و وه‌به‌رهێنانه به‌هێزه‌ی یانه‌كه كه توانای داراییان له كڕینی ئه‌ستێره‌كان بێ سنووره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هێشتا پاریس سانجێرمان نازانێت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ قۆناخه كۆتاییه‌كانی پاڵه‌وانێتییه گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپا بكات.
ئیداره‌ی پاریس سانجێرمان به سه‌رپه‌رشتی كریستۆف گالتێی راهێنه‌ری نوێی، هه‌وڵده‌دات عه‌قڵیه‌ت و تێگه‌یشتنی یاریزانه‌كان بگۆڕێت بۆ ئه‌وه‌ی به گڕوتینێكی نوێوه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووییاندا نازناوی چامپیۆنزلیگ ببه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌ی لكیپی فه‌ره‌نسا نووسیویه‌تی: ئیداره‌ی پاریس سانجێرمان ده‌ستی به پرۆسه‌ی گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ پزیشكانی ده‌روونی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هاوشانی ستافی هونه‌ری و كارگێری یانه‌كه كار بكه‌ن. ئه‌م كاره‌ی پاریس هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگیان بێته دی.
پاریس سانجێرمان وه‌رزی رابردوو له قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ له نێو یاریگه‌ی خۆی به تاكه گۆڵێكی كلیان مباپێ یارییه‌كه‌ی برده‌وه، دواتر له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی له نێو یاریگه‌ی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، هه‌مووان پێیانوابوو ئه‌ركی پاریس ئاسانه و یارییه‌كه‌ی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌و یارییه‌دا كه‌ریم بێنزێما هاتریكی كرد و یانه‌كه‌ی گه‌یانده قۆناخی هه‌شت و پاریسی دوورخسته‌وه، له دوو وه‌رزی پێشووتریش پاریس گه‌یشتووه‌ته قۆناخی پێشكۆتایی و فایناڵیش، به‌ڵام خه‌ونی بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی خه‌ون و خه‌یاڵ دا ماوه‌ته‌وه.