یەکێتی: پێشوازی دەکەین لە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق

"دەستخۆشی لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەكەین، ھەنگاوێكی گرنگیان نا"
لۆگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
لۆگۆی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

K24 - هه‌ولێر:

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پێشوازی لە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی دەکات و دەڵێت "هیوادارین هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر بێت".

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ (20ی تەممووزی 2022) لە راگەیەندراوێکیدا، دەستخۆشی لە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات كە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی داھاتوو کاندیدکردووە.

یەکێتی هەنگاوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەگرنگ وەسفدەکات و بە هۆکارێکی دادەنێت بۆ پێدانی گوڕ بە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەڵێت "هیوادارین ئەم هەنگاوە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ خێراتربكات".

هەر لەو راگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە "یەکێتی جەخت لە پتەوكردنی هەماهەنگی و بەردەوامیی پەیوەندییە نیشتمانییەكان دەكاتەوە، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار كە ببێتە مایەی سەقامگیری و بەهێزكردنی پایەكانی دەوڵەتداری، خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و پاراستنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی گەلی كورد و عێراق و قووڵكردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتەوایی لەنێوان هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان".

کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا، لایەنە عێراقییەکان نەگەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ، لەدوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021 دا.

ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق وایکرد، مانگی رابردوو موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، بڕیاری کشانەوە بدات لە پەرلەمان و حکومەتی نوێ، بەو هۆیەشەوە 73 پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە، دەستیانلەکارکێشایەوە.