وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەسەر بەرنامەیەکی فریاگوزاریی گازی رێککەوتن

مەرجە قورسەکانی رەشنووسی یەکەمی کۆمسیۆن بە رێژەیەکی زۆر هەموار کراوەتەوە و پێشنیاری زۆریش بە مەبەستی رزگاربوون لەو قەیرانە، خراونەتەڕوو

K24 – هەولێر

وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری ئەگەری راگرتنی گاز لەلایەن رووسیاوە، لەسەر بەرنامەیەکی فریاگوزاری گازی رێککەوتن.

ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لەسەر زاری دیپلۆماتکاران، بڵاویکردەوە کە بە پێی ئەو بەرنامەیە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە رۆژی یەکەمی ئابی ئەمساڵەوە تا 31ی ئاداری 2023 لەسەر خواستی خۆیان، بە رێژەی 15% بەکارهێنانی گاز کەم دەکەنەوە.

هەروەها میکانیزمێکی ئاگادارکردنەوە لە تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاستی گاز زۆر کەم بووەوە، پێویستە بە ناچاری زیاتر دەستی پێوەبگرن.

ئاژانسی ئەڵمان، بڵاوی کردەوە کە لەو رێککەوتنەدا، مەرجە قورسەکانی رەشنووسی یەکەمی کۆمسیۆن بە رێژەیەکی زۆر هەموار کراوەتەوە و پێشنیاری زۆریش بە مەبەستی رزگاربوون لەو قەیرانە، خراونەتەڕوو.