وەزیری سامانە سرووشتییەکان: پاراستنی ئاسایشی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە

"پێویستە بەدواداچوون بکرێت و دۆخەکە کۆنترۆڵبکرێت"
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت
کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت

K24- هەولێر:

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە و ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر کێڵگەکە جێگەی قبوڵکردن نییە و پێویستە بەدواداچوون بکرێت، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "ئامانجی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە، بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەو پرۆژانەیە، کە ئەنجام دەدرێن، ئێمە ئەو کارانە ئیدانە دەکەین و جێگەی قبوڵکردن نییە".

باسی لەوەشکرد، پێشتر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تاوتوێ کراوە، ئەو پرۆژەیەی هێرشکراوەتە سەری، سوودی بۆ سەرانسەری عێراق هەیە و بەشێک لەو کارەبایەی بە غازی کێڵگەکە بەرهەمدەهێندرێت، بۆ عێراقە.

ئەو قسانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو بە مووشەک هێرشکرایە، سەر کێڵکەی کۆرمۆر لە ناحیەی قادر کەرەم، بەڵام هێرشەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.

رۆژی 25ی مانگی حوزەیرانی رابردوو (مانگێک پێش ئێستا)، بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی ناوچەکەیان کرد و بڕیاردرا، هێزی ئەمنی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دابینبکرێت.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ساڵی 2007ـه‌وە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سنووری قەزای چەمچەماڵەوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی دانەغاز و هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.