خانزاد ئه‌حمه‌د: ئەنجوومەنی خانمان بۆ پاراستنی ژنان رۆڵی لە یاسای نوێی چەک هەبووە
K24 - هه‌ولێر:
خانزاد ئه‌حمه‌د، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان له هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، وەکو ئەنجوومەنی خانمان رێژەیەکمان لە شوقەکانی کرێنشینان بۆ ژنانی سەرپەرشتکاری خێزان یان ئەو ژنانەی بێسەرپەرشتن، دیاریکردووە.
گوتیشی: ئەنجوومەنی خانمان رۆڵی لە یاسای نوێی چەک و هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و بڕیاری قەدەغەکردنی سیمکارتی بێسەرەتا و دانانی ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بە پاراستنی ژنان هەبووە.
ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکێكی پێشكه‌شكرد و روونیكرده‌وه، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان دامەزراوەیەکی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ بەدیهێنانی یەکسانی رەگەزی لەسەر ئاستی کوردستان و بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیرکردنی ئەرک، پێداویستی و داخوازییەکانی ئافرەت لە بەرنامەکانی وەزارەت و ئۆرگانەکانی دیکەی حکوومەتدا دامەزراوە.
روونیشكرده‌وه، لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له چوارچێوەی پرۆسه‌ی چاكسازیدا، په‌یڕه‌وی نوێی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و گه‌شه‌پێدانمان بەشێوەیەکی سه‌رده‌مییانه داڕشت و دواتر لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەن بە سەرۆکایەتی مه‌سرور بارزانی په‌سەندكرا. پەیڕەوە نوێیەکە ده‌رفه‌تی زیاتر به ئه‌نجومه‌ن دەدات بۆ ئه‌وه‌ی كاری زیاتر بۆ پته‌وكردن و پێشخستنی یه‌كسانی جێنده‌ری له ناو ئۆرگانه‌كانی حكومه‌ت ئه‌نجام بكات.
گوتیشی: له‌م سێ ساڵه‌ی رابردوودا چه‌ندین كار و چالاكیمان ئه‌نجام داوه، كه ئه‌مانه به‌شێك له گرنگترینیانن: "بۆ یه‌كه‌مجار و بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی هاوشێوە له حکومەتی فیدراڵ لە هەرێمی کوردستان پلانی ئافرەت، ئاشتی و ئاسایشمان داڕشت و ئێستا چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە".
خانزاد ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ی به‌وه كرد، لەچوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی سیستەمی پێش‌گرتن و وەڵامدانەوەی دامەزراوەکانی حکومەت، رێککەوتنێکمان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەیەک لەگەڵ دەوڵەتی ئیتالیا و دوو رێکخراوی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان واژوو کردووە. زیاتر لە زیاتر له 20 هه‌زار ژنی رزگاربووی توندوتیژی و خێزان لە پرۆژەکە سوودمەند دەبن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌شداری ئافره‌تان بە رێژەی 5% له‌كه‌رتی تایبه‌ت، پرۆژه‌ی (مشرق جێنده‌ر فاسێلیتی) چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. پرۆژەکە بەهاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و له‌گه‌ڵ ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت. جگه لە پاڵپشتیکردنی پرۆژەی ئابووری خانمان هەندێک هەموارکردن و بەرۆژکردنی یاساکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان باسی له‌وه كرد، رێژه‌یه‌كی دیاریكراومان له‌و شوقانه‌ی بۆ کرێنشینان دروست دەکرێن، بۆ ئه‌و ژنانه‌ی سه‌رپه‌رشتی خێزان ده‌كه‌ن، یان بێ سه‌رپه‌رشتن، تەرخانکراوە.
باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان رۆڵێكی گرنگ و جددی هه‌بووه له هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی ئافره‌تان و خێزان و دەرچوونی یاسای نوێی چەکهەڵگرتن و هەڵمەتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت و بڕیاری قەدەغەکردنی سیمكارتی بێ سه‌ره‌تا و دانانی ئه‌پلیكه‌یشنی (Safe You) بۆ پاراستنی ژنان، كه هه‌موویان هەنگاوگەلێکی جددین بۆ پاراستنی ئافرەتان.
خانزاد ئه‌حمه‌د ئاشكرای كرد، ئێمە وەک ئۆرگانێکی هەماهەنگیکار و راوێژکاری حکومی بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی گوند، شارەدێ و شارەکانمان کردووە بۆ بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی خانمان. هاوکات گرنگییەکی تایبەتیشمان بە ژنانی ئێزدی رزگاربوو داوە، وەک پردێک داخوازییەکانمان بۆ حکومەت و دامەزراوە و لایەنە بیانییە پەیوەندیدارەکان گواستووەتەوە.
ئاشكراشیكرد، له ناوه‌نده‌كانی بڕیار له حكومه‌ت، په‌رله‌مان، دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی دیكه به خۆشحاڵییه‌وه زیاتر له 30% خانمان كار ده‌كه‌ن. رێژه‌ی خانمانی خاوه‌ن بڕیار له زانكۆكاندا له زیادبووندایه. هه‌روه‌ها رێژه‌ی ژنان له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گه‌یشتووه‌ته رێژه‌ی 10%.
ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و گه‌شه‌پێدان راشیگه‌یاند، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ به هاوكاری رێکخراوی کۆچی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان پشتوانی ماددیمان بۆ نزیكه‌ی 8 هه‌زار ئافره‌تی لادێ و شارۆچكه‌كان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئابووری خۆیان هه‌بێت.
گوتیشی: لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابووری خانمان وه بەڕێوەبردنی پرۆژه‌ی بچووك، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن له‌نێوان ئه‌نجومه‌نمان و هه‌ردوو رێكخراوی GIZ ی ئه‌ڵمانی و رێکخراوی Women for women نێودەوڵەتی واژووكرا، كه تێیدا دەرفەتی کار بۆ 5 هەزار ئافرەت دەرەخسێت.
خانزاد ئه‌حمه‌د، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، له پڕۆژه‌ی ئابووری بۆ خانمانی كارساز، کە به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ژووری بارزگانی و پیشه‌سازی كوردستان و به‌هاوكاری رێكخراوی (GIZ)ی ئه‌ڵمانی جێبه‌جێ کراوە، 3 هەزار ژن سوودمەند بوون. پرۆژەکە سه‌رنجی لەسەر راوێژکاری ئابووری بۆ خانمانی کارساز بوو، هاوکات کاری لەسەر ئەوە کرد، چۆن لە شوێنی کار رووبەڕووی توندوتیژی ببنەوە.
جه‌ختی له‌وه‌ش كردوه، لە هەڵمەتێکدا زیاتر له 10 هه‌زار نه‌ماممان له ناوچه جیاجیاكانی كوردستان چاندووه. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاووڵاتیانمان لە پاراستنی سامانی ئاو و ژینگە ئاگادار کردووەتەوە. بە بەردەوامی پاڵپشتیمان لە خانمانی وه‌رزشوان کردووە و یارمەتی سێ یانەی وەرزشیمان لەسەر ئاستی کوردستان داوە.