وشکەساڵی هەڕەشە لە کیشوەری ئەفریقا دەکات
K24 - ههولێر:
وڵاتانی ئەفریقیا بەهۆی قەیرانە جیهانییەکان و وشکەساڵی، لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی برسیەتی و بەدخۆراکیدان، ئاژانسی ویلایهته یهكگرتووهكان بۆ گهشهپێدانی نێودهوڵهتی داوای هاوکاری نێودەوڵەتی دەکات، تا خۆراکی بەپەلە بۆ كیشوهری ئەفریقیا دابین بکرێت.
لە کینیا هەرچەندە حکومەتە خۆجێییەکان ئێستا گرنگی بە پڕۆژە کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەکان دەدەن، بەڵام بەهۆی بێئاوی ئێستا ئەو پڕۆژانەش لە مەترسیدان و ناشتوانن ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە بپارێزن.
ئاژانسی ویلایهته یهكگرتووهكان بۆ گهشهپێدانی نێودهوڵهتی هۆشداری دەدات لە برسێتی کینیا و وڵاتانی ئەفریقیا، بهڕێوهبهری رێکخراوهكهش دوای سەردانکردنی ژمارەیەک گوندی کینیا، داوای پاڵپشتی نێودەوڵەتی کرد بۆ رزگارکردنی ناوچەکە لە برسیەتی.
سامانتا پاوەر، بەڕێوەبەری ئاژانسی ویلایهته یهكگرتووهكان بۆ گهشهپێدانی نێودهوڵهتی "USAID" گوتی: پێداویستییەکان لێرە زۆر زیاترن لەوەی هەر وڵاتێک بتوانێت بەرگەی بگرێت. هەموو منداڵێک پێویستی بە خۆراکی چارەسەری هەیە، ناتوانێت بۆی دابینبکرێت، مەگەر وڵاتانی جیهان هەنگاو بنێن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری، یان حکومەتەکان بە هەمان شێوە، بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگاکانیان رێگەیهك بدۆزنەوە، پێداویستییەکان لێرە زۆر گەورەن و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەڵەتی فریابکەوێت.
ئاماژهی بهوهش كرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی و برسیەتی هەندێک لە دانیشتووان گرنگی بەکشتوکاڵ دەدەن لە کێڵگەیەکی 12.5 دۆنم لە کاچۆدا، کە ئاودێری دڵۆپ دڵۆپ بەکاردەهێنێت بۆ یارمەتیدانی پاراستنی سەرچاوە کەمەکانی ئاو. پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی ناوخۆییەوە پارەی بۆ دابین دەکرێت، ئامانجیەتی ژێرخانی ئاودێری باشتر بکات بە مەبەستی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ بۆ چارەسەرکردنی ئاسایشی خۆراک.
فیلیپ ئاکوانیسا-ی گوندنشین روونیكردهوه، گرفتی سەرەکیمان کەمی ئاوە، ئەگەر بتوانین ئاومان دەست بکەوێت؛ ئەوا باش دەبین. خەڵک دەتوانن منداڵەکانیان پەروەردە بکەن، خانووەکانیان دروست بکەن. ئەمە پڕۆژەیەکی باشە.
گرووپە فریاگوزارییەکان لەنێویاندا بەرنامەی جیهانی خۆراک هۆشداریان داوە لە نهبوونی ئاسایشی توندی خۆراک لە کیشوەری ئەفریقا، وهك وڵاتانی وەک کینیا، باشووری سودان، ئۆگاندا، ئەسیوپیا، سۆماڵ و جیبۆتی، تا یارمەتی خۆراکی خێرا وەربگرن.
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی نێودەوڵەتی گەشەپێدان، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە 50 ملیۆن کەس رووبەڕووی نهبوونی ئاسایشی توندی خۆراک ببنەوە.