شەڕی باڵاپۆشی لە ئێران پەرەده‌ستێنێت

نزیک بە 80%ی ژنانی ئێران دژی باڵاپۆشی زۆرەملێن

K24 – هەولێر

پرسی باڵاپۆشی ژنان لە ئێران، بووەتە جێی مشتومری بەرپرسانی ئەو وڵاتە. حکومەتەکەی ئیبراهیم رئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، سوورە لەسەر سەپاندنی بەڵاپۆشی، بەڵام بەشێک لە بەرپرسان دووپاتی دەکەنەوە کە سەپاندنی باڵاپۆشی لە رێگەی توندوتیژییەوە، نابێت.

مەهدی کەرووبی، یەک لە ناسراوترین کەسایەتی سیاسییەکانە لە ئێران کە دژی سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتی تارانە. حوسێن کەرووبی، کوڕی ئەو سیاسەتمەدارە لە سەر زاری باوکی رایگەیاندووە، "من دژی سپاندنی باڵاپۆشیم، هیچ کارێکی زۆرەملێ سەرناگرێت."

کەرووبی کە نزیکەی 10 ساڵە لە ناو ماڵی خۆیدا زیندانی کراوە، گوتوویەتی:  باڵاپۆشی یەک لە بنەماکانی ئایینی ئیسلامە، بەڵام ئایا گونجاوە هەموو بنەماکانی ئیسلام بە زۆرەملێ جێبەجێ بکرێن؟ هەر بۆیە من دژی پاڵاپۆشیی زۆرەملێم. ئەوەی چەند ساڵ دوای شۆڕشیش کرا و باڵاپۆشی بوو بە زۆرەملێ، کارێکی سیاسی و خراپ بوو. هیچ کارێک بە زۆرەملێ، بە ئامانجی خۆی ناگات".

هاوکات فائیزە هاشمی، چالاکی سیاسیی ریفۆرمخواز و نوێنەری خوولی پێشووی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران، دووپاتی لە "ئازادی و نەهێشتنی یاسای باڵاپۆشی" کردووەتەوە.

فائیزە هاشمی، کچی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی، چوارەمین سەرۆک کۆماری ئێران، رایگەیاندووە: یاسای باڵاپۆشی بایەخی نەما، هەر وەک چۆن یاسای نەهێشتنی سەتەلایت بایەخی خۆی لەدەستدابوو.

فائیزە هاشمی دەڵێت: ساڵانێکی زۆرە زەبر و زەنگ بەکار دێنین. بۆ دەبی رێگە بدەین تۆمەتی تیرۆریستبوون بخرێتە پاڵ حکومەتی ئیسلامی ئێمە؟ ئەگەر من بەرپرس بوومایە و ویستبام گەورەیی بۆ دین بگەڕێنمەوە، یاسای باڵاپۆشیم هەڵدەوەشاندەوە و خەڵکم ئازاد دەکرد. بێگومان لەو رێگەیەوە دین بەهێز دەبێت و کۆمەڵگەش بە شێوەیەکی دیکە هەڵسوکەوت دەکات.

زۆرینەی ئێرانییەکان دژی باڵاپۆشین

بە پێی راپرسییە فەرمییەکانی ئێران، ژمارەی کەسانی دژ بە باڵاپۆشی، زۆر زیاترە لەوانەی حەزیان لە باڵاپۆشییە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، راپرسییەکی لەوبارەیەوە کردووە و دەرکەوتووە کە نزیک بە 80%ی خەڵک دژی باڵاپۆشی زۆرەملێن.

رێوشوێنەکان دژ بەو ژنانەی باڵاپۆشی رەچاو ناکەن، توندتر بووە
رێوشوێنەکان دژ بەو ژنانەی باڵاپۆشی رەچاو ناکەن، توندتر بووە

سەرەڕای ئەو ئامارانە، لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات لەلایەن ئیبراهیم رەئیسییەوە، رێوشوێنەکان بۆ سەپاندنی باڵاپۆشی لە شارەکانی وەکو تاران، مەشهەد و تەورێز زیاتر بوون. تەنانەت لە شاری مەشهەد گەیشتە ئەو رادەیەی کە لە ناوەندە حکومییەکان، خزمەتگوزاری بەو ژنانە نەدەن کە باڵاپۆش نین.

توندترکردنی ئەو رێوشوێنانە تەنانەت لە ناو ناوەندە دینییەکانی ئێراندا، ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە. حەسەن موسەوی تەورێزی، سکرتێری ناوەندی لێکۆڵینەوە و مامۆستایانی ئایینی قوم، یەک لەو کەسانەیە کە پێیوایە "گرتنەبەری رێوشوێنی توند بۆ رەچاوکردنی باڵاپۆشی، خەڵک زیاتر لە دین دوور دەخاتەوە".

موسەوی تەورێزی، گوتوویەتی: رێنوێنی خەڵک بۆ رێگەی راست و دوورخستنەوەیان لە رێگەی خراپ، رێوشوێنی خۆی هەیە. لێدان و گرتنی خەڵی بێگوناح، تاوانە.