لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی هەولێر – گوێر سێ کەس گیانیان لەدەستدا
K24 – هەولێر
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سەر رێگەی هەولێر – گوێر، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکە برینداربوون، ئەو سێ کەسە بۆ پرسەیەک هاتوونەتە هەولێر و لە رێگەی گەڕانەوەیاندا تووشی رووداوەکە بوون.
فازڵ حاجی گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند "کاتژمێر چواری سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای سەرەکی (هەولێر-گوێر)، لە نزیک گوندی قادریە، ترێلەیەک لە شەقام بە ئاراستەی پێچەوانە دەڕۆیشت و ئۆتۆمبیلێکی تایبەتیش کە لە سایدی خۆی دەڕۆیشت و لە شوێنێکدا کە بۆ پێچکردنەوە گونجاو نەبووە، پێچی کردووەتەوە، بەو هۆیەوە رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە".
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە، "هەردوولای رووداوەکە بە کەمتەرخەم دانران بە رێژەی 50% چونکە هەردووکیان سەرپێچیکاربوون".
پزیشکێکی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێریش بە کوردستان 24ی گوت، سێ لە سەرنشینەکانی ئۆتۆمبیلەکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە و سێ بریندارەکەش لەژێر چاودێری پزیشکدان.
هەروەها کەسێک کە ئامۆزای قوربانییەکانە بە کورستان24ی گوت، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، بریتین لە (پیاوێک و هاوسەرەکەیی و دایکی پیاوەکە).