دادگای ته‌مییزی عێراق ئه‌و به‌ریتانییه‌ی سزای 15 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو ئازاد كرد
K24 – هه‌ولێر:
دادگای ته‌مییزی عێراقی، بڕیاری بێ تاوانی بۆ جه‌یمس فیتۆن ده‌ركرد، كه پێشتر به تۆمه‌تی به قاچاغ بردنی شوێنه‌واره‌كانی عێراق، سزای 15 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو.
سائر سعوود، پارێزه‌ری تۆمه‌تبار، رایگه‌یاند، دوای ته‌مییزكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه، مۆكیله‌كه‌ی بێ تاوان ده‌رچووه و ئازاد كراوه.
پێشتر دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ، سزای 15 ساڵ زیندانی به‌سه‌ر فیتۆندا سه‌پاندبوو، به تۆمه‌تی به قاچاغ بردنی شوێنه‌واره‌كانی عێراق.
جه‌یمس فیتۆن، (66 ساڵ) و هاوڕێ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ی فۆلكار وڵدمان (60 ساڵ) له مانگی ئازار/ مارسی رابردوو، له فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ر كران، دوای ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وت ئامێری بڕینی پارچه‌ی شوێنه‌واریان پێیه.
ئه‌وان به مه‌به‌ستی سه‌ردانی ناوچه شوێنه‌وارییه دێرینه‌كانی عێراق، به ناوی گه‌شتیاره‌وه هاتبوونه عێراق.
دوای ده‌ستگیركردنیان، دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ، سزای 15 ساڵی به‌سه‌ر جه‌یمس فیتۆن سه‌پاند، به‌ڵام ئه‌ڵمانییه‌كه به هۆی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویسته‌وه ئازاد كرا.
به گوێره‌ی یاسای سزادانی عێراقی بازرگانیكردن به شوێنه‌وار و به تاڵانبردن و هه‌وڵی بردنه ده‌ره‌وه‌یان سزاكه‌ی له‌سێداره‌دانه، به‌ڵام دادگای كه‌رخ ته‌نیا 15 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاندبوو.
ئه‌مڕۆش دادگای ته‌مییز، بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و ئه‌و هاووڵاتییه به ره‌چه‌ڵه‌ك به‌ریتانییه‌ی ئازاد كرد.