سعودیە و عێراق لە بواری گواستنەوەی دەریایی رێکدەکەون

ئامانجی رێككه‌وتنه‌كه‌ بەرزکردنەوەی جووڵەی کەشتی بازرگانی و ئاسانکارییە بۆ گەیشتن بە بەندەرەکان
به‌نده‌رێكی سعودیه‌.. ئه‌رشیڤ
به‌نده‌رێكی سعودیه‌.. ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی سعودیە رایگەیاند، لەگەڵ عێراق لە بواری گواستنەوەی دەریایی گەیشتوونەتە رێککەوتن.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی سعودیە، ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکە رەزامەندی لەسەر رێککەوتنی بواری گواستنەوەی دەریایی لەگەڵ عێراق دەربڕیوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، بەغدا و ریاز لە دووی مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لەبارەی گواستنەوەی دەریایی رێککەوتنێکیان واژووکرد، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی جووڵەی کەشتی بازرگانی و ئاسانکارییە بۆ گەیشتن بە بەندەرەکان.

ئەو رێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی گواستنەوە و دەروازە سنوورییەکان و بەندەرەکان لە ئەنجومەنی هەماهەنگی سعودیە - عێراق دێت، کە لە ریاز بە سەرۆکایەتی ساڵح بن ناسر وەزیری گواستنەوە و خزمەتگوزاری لۆجێستی سعودیە و ناسڕ شبلی وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆبوونەوە.