نێچیرڤان بارزانی: پێویستە چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا کاری لە پێشینەی حکومەتی نوێی عێراق بێت

"گرنگە گفتووگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوام بێت"
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، پێویستە چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا له‌ ريزبه‌نديى پێشه‌وه‌ى كاره‌كانى حكومه‌تى ‏داهاتووى عێراق بێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ (27ی تەمووزی2022) لەگەڵ مايك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ عێراق و ‏شاندێكى ياوه‌ریدا کۆبووەوە و لەبارەی دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و ده‌ستنيشانكردنى كانديدى ‏پۆستى سه‌رۆك وه‌زيرانى داهاتووى حكومه‌تى فيدراڵی عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و ‏به‌غدا و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوانيان به‌تايبه‌تى له‌ بوارى نه‌وت و غازدا گفتوگۆیانکرد، هەروەها باسیان لە بۆرودوومانکردنی ئه‌م ‏دواييه‌ى كێڵگه‌ى غازی كۆرمۆر و بۆردوومانکردنی سەریرانگەیەکی گەشتیاری زاخۆ کردووە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە باڵیۆزی بەریتانیای گوتووە "گرنگە گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی لە بواری نەوت و غازدا بەردەوام بێت، پێویستە ئەو هەنگاوەش کاری لە پێشینەی حکومەتی نوێی عێراق بێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی دروستکردنی حکومەتێک لە عێراقدا کە ببێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و بتوانێت خزمەتگوزاری و هەلیکار بۆ هاووڵاتیان دابینبکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لەسەر چەند پرسێک گفتووگۆیان کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لەسەر چەند پرسێک گفتووگۆیان کرد

ئەو قسانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، رۆژی 25ی ئەم مانگە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، کە محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەوەش جمووجۆڵە سیاسییەکان لە عێراقدا کەوتنە قۆناغێکی نوێوە.