قوباد تاڵەبانی: پێویستە کاری لە پێشینەی حکومەتی نوێی عێراق رێککەوتن بێت لەسەر دۆسیەی نەوت

"عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست ناگرێت"
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک برایسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک برایسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

K24 - هەولێر:

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مارک برایسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و دەیڤید هەنت کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم کۆبوونەوە و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا، بەپێویستیزانیوە هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز رێکبکەون و گوتیشی: "رێککەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسندکردنی یاساکەی، دەبێت لە ئەولەوییەتی دانووستانەکانی ئەم قۆناغەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق بێت، چونکە رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار بۆ رێککەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی دیکە دروستدەکات".

.

هەر لە چوارچێوەی ئەم پرسەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، "عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەکان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا گفتوگۆکانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتێکی کارای خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبکەنەوە"

.

هەروەها قوباد تاڵەبانی، باسی لە کێشەکانی ژینگە و مەترسییەکانی سەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و بە پێویستیزانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بیکات بە کاری لە پێشینەی.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە "باڵیۆزی بەریتانیا، ئامادەیی وڵاتەکەی لە یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بۆ خێراترکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەکانی حکومەتدا دووپاتکردەوە و ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کرد".

.

مارک برایسن داوایکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان رێکبخات بۆ باسکردن و تاووتوێکردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کوردستان.