نێیمار پێش ده‌ستپێكی مۆندیال دادگایی ده‌كرێت

نێیمار له‌ كاتی گه‌یشتنی بۆ فرۆكه‌خانه‌ی بارسێلۆنا
نێیمار له‌ كاتی گه‌یشتنی بۆ فرۆكه‌خانه‌ی بارسێلۆنا

جارێکی دیکە بەدبەختی روو لە نێیمار دا سیلڤا دەکات و ئەم یاریزانە بەڕازیلیە چەند هەفتەیەک بەر لە مۆندیالی 2022 لە شاری بارسێلۆنا بەهۆی سکاڵایەکی حەوت ساڵ لەمەوبەری کۆمپانیایەکی بەڕازیلی، داگایی دەکرێت و داوا دەکرێت بۆ چەند ساڵێک زیندانی بکرێت، کۆمپانیاکە پێیوایە مافی خوراوە ئەو کاتەی لە سانتۆسەوە گواستراوەتەوە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە.

بەهۆی بارسێلۆناوە نێیمار دا سیلڤا هەڕەشەی زیندانی لەسەرە و نێیمار چەند هەفتەیەک بەر لە دەستپێکی مۆندیالی ـ2022ی قەتەر لە شاری بارسێلۆنا دادگایی دەکرێت.

رۆژنامەی ئێل پایسی ئیسپانی لە راپۆڕتێکیدا ئاشکرای کردووە نێیمار دا سیلڤا لە نێوان 17 بۆ کۆتایی 13 مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو لە شاری بارسێلۆنا دادگایی دەکرێت، بەهۆی سەرپێچیکردن و نیمچە گەندەڵیکردن لە گرێبەستی پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆنا لە هاوینی 2013.

سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەش کردووە جگە لە نێیمار باوکیشی لەو دادگاییە ئامادە دەبێت لەگەڵ ساندرۆ رۆسێل و ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکانی پێشووی بارسێلۆنا لەگەڵ سەرۆکی پێشووی یانەی سانتۆسی بەڕازیلی.

هێما بۆ ئەوەش کراوە داوا دەکرێت نێیمار بۆ چەند ساڵێک زیندانی بکرێت لەگەڵ پێبژاردن بە 10 ملیۆن یۆرۆ، لەگەڵ سزادانی بارسێلۆنا بە هەشت ملیۆن و چوار سەد هەزار یۆرۆ.

ئێل پایس هەروەها نووسیویەتی ئەم دادگاییە دوای حەوت ساڵ لە سکاڵای کۆمپانیایەکی بەڕازیلی تایبەت بە بازاڕی تۆپی پێ دێت و کۆمپانیاکە پێیوایە بەهۆی گرێبەستەکەی نێیمار زیانی بەرکەوتووە، چونکە خاوەنی لە 40%ـی مافی ئەو یاریزانە بووە ئەو کاتەی یاریی بۆ سانتۆس کردووە.

بەرپرسانی کۆمپانیا بەڕازیلیەکە پێیوانوایە بوونەتە قوربانی فێلەکانی نێیمار و باوکی و یانەی بارسێلۆنا، داوای قەرەبووی ماددی دەکەنەوە کە کەمتر نەبێت لە 150 ملیۆن یۆرۆ.

لە بنەماکانی دۆسیەکە ئەوەیە کە نێیمار دوو گرێبەستی لەگەڵ بارسا کردووە و کۆمپانیاکەش کە خاوەنی مافی بازاڕکردنیەتی لە هەمان کات داوا دەکات بە لایەنی کەمەوە نێیمار بۆ پێنج ساڵ زیندانی بکرێت.

لە ساڵی 2016 یانە کەتەلۆنییەکە بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆی وەکو باج بەهۆی ئەم گرێبەستەوە بە ئیسپانیا داوە و ساندرۆ رۆسێلی سەرۆکی پێشووتریش دادگایی كرا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نییە لە دژی بارتۆمیۆ سەبارەت بە دانووستان لەگەڵ نێیمار بەبێ ئاگاداری سانتۆس.