له پارێزگایه‌كی سووریا راپه‌ڕینی چه‌كداری به‌ڕێوه‌چوو

K24 – هەولێر:
له پارێزگای (سوێدا)ـی باشووری سووریا، ژماره‌یه‌ك گرووپی چه‌كدار رووبه‌ڕووی هێزێكی هه‌واڵگری سه‌ربازی سه‌ر به دیمه‌شق بوونه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی فه‌رمی سووریا، له كاتژمێره‌كانی رابردوودا خۆپیشاندن و راپه‌ڕینی چه‌كداری له پارێزگای (سوێدا)، له لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانی ناوخۆ، دژی هه‌واڵگری سووریا شه‌و تا به‌ره‌به‌یان به‌رده‌وام بوو.
ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو، له ئه‌نجامی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان (تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 27ـی ته‌مموز به‌رده‌وام بوو)، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌و پارێزگایه له‌لایه‌ن گرووپه‌كانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی رووداوه‌كه بۆ رفاندنی چه‌ند كه‌سێك له ده‌وروبه‌ری گونده‌كانی باكووری پارێزگای (سوێدا) له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سه‌ر به به‌شار ئه‌سه‌د، ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به‌هۆی ئه‌م رووداوه رێگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ردوو پارێزگای سوێدا و دیمه‌شق داخران، دواجار هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئازادكردنی ده‌ستگیركراوان رێككه‌وتن. (هه‌روه‌ك ره‌ییان مه‌عروف، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی تۆڕی هه‌واڵی سوێدا ئاماژه‌ی پێكرد).
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره روونیكرده‌وه، (رجال الكرامة) به‌هێزترین گرووپی چه‌كداری پارێزگای سوێدایه له باشووری سووریا، هه‌روه‌ها خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری گه‌وره‌ن و ئه‌وان رووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سووریا بوونه‌ته‌وه.
روانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌باره‌ی زیانه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌هۆی رووداوه‌كه‌ی سوێدا، 13 كه‌س له ریزی گرروپه چه‌كداره‌كان كوژران و 30 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی گرووپی (رجال الكرامة) له چوارچێوه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڵینی به‌رده‌وامی راپه‌ڕینه‌كه‌یدا، تا پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوی پارێزگای سوێدا.