دوایین ورده‌كاری له باره‌ی دۆخی كریستیانۆ رۆناڵدۆ
كریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆژی سێشه‌ممه گه‌ڕایه‌وه شوێنی مه‌شقه‌كان، به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی بۆ راهێنان و ئاماده‌كاری نه‌بوو بۆ وه‌رزی نوێ، به‌ڵكو هاوشانی خۆرخی مێندێزی به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی گه‌ڕابووه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گفتووگۆ له باره‌ی جێهێشتنی مان یونایتد بكات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له هاوینی 2021 یوڤێنتۆسی جێهێشت و ئۆفه‌رێكی گرانبه‌های له لایه‌ن مان سیتی و پێپ گواردیۆلا پێگه‌یشت، به‌ڵام خۆی له یانه ركابه‌ره‌كه‌ی یونایتد به دوور گرت، ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه دوای 12 ساڵ دووركه‌وتنه، دیسان یانه‌ی مان یونایتدی هه‌ڵبژارده‌وه و به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی مان یونایتد بۆ سه‌ر سه‌كۆی ناسناوه‌كان په‌یوه‌ندی ئۆڵد ترافۆرد كرده‌وه.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی گه‌وره‌ترین گۆڵكاری ئه‌ورووپا، گه‌ڕایه‌وه یونایتد له كاتێكدا 10 ساڵه له دوای نه‌مانی ئالێكس فێرگسۆن ئه‌و یانه‌یه له كاربه‌ریكردنی نازناوی پرێمه‌رلیگ و چامپیۆنزلیگ دووركه‌وتووه‌ته‌وه.
كارگێری مان یونایتد له‌سه‌رده‌می ئۆڵی سۆڵشایه‌ر زنجیره‌یه‌ك گرێبه‌ستی كرد، به گرێبه‌ستێكی گرانبه‌ها جه‌یدن سانچۆی گواسته‌وه و مووچه‌ی نیو ملیۆن پاوه‌ندی هه‌فتانه‌ی به‌خشی به كریستیانۆ رۆناڵدۆی ته‌مه‌ن 36 ساڵ، له پێناو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوی پرێمه‌رلیگ كێبڕكێی مان سیتی و لیڤه‌رپوول بكات، به‌ڵام یونایتد نه‌ك نه‌یتوانی ئه‌و كاره بكات، به‌ڵكو به‌خراپی داڕما و له چوار یانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پرێمه‌رلیگ دابه‌زی، ته‌نانه‌ت به زه‌حمه‌ت بلیتێكی یۆرۆپالیگی وه‌رزی داهاتووی به‌ده‌ستهێنا.
رۆناڵدۆ له یه‌كه‌مین وه‌رزی دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له پرێمه‌رلیگ 18 گۆڵی كرد، له سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان له 38 یاری 34 گۆڵی بۆ یونایتد كرد، به‌ڵام ئه‌م گۆڵانه‌ی كریس نه‌یتوانی دۆخی یونایتد باشتر بكات، هه‌ر زوو سۆڵشایه‌ری راهێنه‌ر دوورخرایه‌وه، له‌گه‌ڵ هاتنی راڵف رانینك دۆخه‌كه خراپتریش بوو، یونایتد پله‌ی شه‌شه‌می پرێمه‌رلیگی به‌ده‌ستهێنا.
له رۆژی 7ـی ئایاردا یونایتد تووشی شكستێكی گه‌وره بوو كاتێك 4 ـ 0 به‌رامبه‌ر برایتۆن دۆڕا، دوای تۆماركردنی گۆڵی سێیه‌می برایتۆن له لایه‌ن پاسكاڵ گرۆس له‌وكاته‌دا كریستیانۆ رۆناڵدۆ بینرا كه پێده‌كه‌نێت و نه‌یتوانی زه‌لیلی یانه‌كه‌ی و سه‌رلێشواوی تیپه‌كه‌ی له كامیرا و كه‌سانی ده‌ورووبه‌ری بشارێته‌وه، ئه‌و رۆژه بوو كه كریستیانۆ و یونایتد دڵنیابوونه‌وه كه هیچ هیوایه‌كیان بۆ گه‌یشتن به چامپیۆنزلیگ نه‌ما، له كاتێكدا ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه له ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری و لاویه‌تیه‌وه به‌رده‌وام به‌شداریی له چامپیۆنزلیگ كردووه و دانه‌بڕاوه.
رۆژنامه‌ی میره‌ری بریتانیا نووسیویه‌تی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ نایه‌وێت خۆی راده‌ستی ئه‌و دۆخه بكات و هیچ نیازێكی نییه بۆ ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نی 37 ساڵیدا مه‌یدانی چامپیۆنزلیگ بۆ كابه‌ره‌كانی چۆل بكات، بۆیه كریس شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له یونایتد بڕوات و په‌یوه‌ندی به یه‌كێك له یانه گه‌وره‌كانی به‌شداربووی چامپیۆنزلیگ بكات.
خۆرخێ مێندێس له مانگی حوزه‌یرانی رابردوو له‌گه‌ڵ تۆد بۆیلی خاوه‌نی نوێی چێڵسی كۆبووه‌وه و گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆی بۆ ستامفۆرد بریج خسته سه‌رمێزی یانه‌ی چێڵسی، به‌ڵام وه‌كو چۆن رۆیشتنی كریستیانۆ بۆ یوڤێنتۆس به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی كه‌می بۆ یانه‌كه هه‌بوو، به‌هه‌مان شێوه شینپۆشه‌كانی له‌نده‌نیش له ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م سیناریۆیه خۆیان له گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ پاراست، ته‌نانه‌ت ئاتڵێتیكۆ مه‌دریدیش خۆی له گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه به‌دوورگرت، دواجار یانه‌ی ریال مه‌دریدیش به كرده‌وه گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆی به "مه‌حاڵ" ناوبرد، ریال مه‌دریدی پاڵه‌وانی چامپیۆنزلیگ نایه‌وێت یاریزانه دێرینه‌كه‌ی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه و بیكاته‌وه ژماره (9)ـی پێشه‌وه‌ی تیپه‌كه‌ی، چونكه ئێستا یاریزانه سه‌ره‌ڕمه‌كه‌ی خۆی كه‌ریم بێنزێمایه له هه‌مان شوێنی كریستیانۆ ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی تۆپی زێڕین ده‌كات.
بایرن میونشن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی گۆڵكاری یه‌كه‌می یانه‌كه‌ی له‌ده‌ست دا، به‌ڵام ئۆلیڤه‌ركانی به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری یانه‌كه راشكاوانه ده‌ڵێت ئه‌و یاریزانه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی بایرن ناگونجێت.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، كارگێری مان یونایتد جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه ئاره‌زووی ئه‌وه ناكه‌ن كریستیانۆ له‌ده‌ست بده‌ن و ده‌یانه‌وێت ئه‌و یاریزانه به‌شێك بێت له پێكهاته‌كه‌ی ئێریك تێن هاگ بۆ وه‌رزی 2022 ـ 2023، تێن هاگیش چه‌ندانجار دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه رۆناڵدۆی ده‌وێت وه‌كو به‌شێكی كاریگه‌ر له پلانه‌كانی تیپه‌كه‌ی.
به‌ڵام له كاتێكدا تێن هاگی راهێنه‌ری مان یونایتد ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێ برده ئوسترالیا و تایله‌ند كه‌چی رۆناڵدۆ به‌بیانووی هۆكاری خێزانی له پورتوگال مایه‌وه.
دووشه‌ممه‌ی رابردوو تێن هاگ له شوێنی مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌ی له كارینگتۆن پلانه‌كانی بۆ وه‌رزی نوێ داده‌نا، كه‌چی كریستیانۆ له‌گه‌ڵ راوێژكار و به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی بینرا و به گوێره‌ی میدیایه‌كانی به‌ریتانیاش هیچ بۆچوونێكی نه‌گۆڕاوه و له‌سه‌رجێهێشتنی مان یونایتد سووره.