رووسیا: ئامانجی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تێکشکاندنی ئابووری ئێمەیە

"بڕیاریانداوە ئێمە بکەنە دەرەوەی بازنەی پەیوەندییەکانی رۆژئاوا"
ئەلیکسێی پوشکۆڤ، بەرپرسی سیاسەتی زانیار و راگەیاندنی ئەنجومەنی رووسیا
ئەلیکسێی پوشکۆڤ، بەرپرسی سیاسەتی زانیار و راگەیاندنی ئەنجومەنی رووسیا

K24 - مۆسکۆ

بەرپرسی سیاسەتی زانیار و راگەیاندنی ئەنجومەنی رووسیا رایدەگەیەنێت:  ئامانجی باڵای ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا تێکشکاندنی ئابووری رووسیا و دابڕاندنی ئێمەیە، بەڵام رووسیا زۆر لەوە دەوڵەمەندترە کە بە گەمارۆکانی ئەوان بڕوخێت.

ئەلیکسێی پوشکۆڤ، بەرپرسی سیاسەتی زانیار و راگەیاندنی ئەنجومەنی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "رۆژئاوا سیاسەتی دابڕانی گەورەی لەسەر ئاستی جیۆپۆلۆتیکی و ئابووری لەگەڵ رووسیادا هەڵبژاردووە، ئەوان رەتیانکردەوە گەرەنتی ئاسایش بە ئێمە بدەن، هاتن سیاسەتی سەپاندنی سزا و گەمارۆیان لە ئاست ئێمەدا جێبەجێکرد و تا دێت فراوانتری دەکەن، حەوت پاکێج سزایان سەپاندووە، ئەوان بڕیاریانداوە ئێمە بکەنە دەرەوەی بازنەی پەیوەندییەکانی رۆژئاوا، ئەم پرۆسەیە درێژە دەکێشێت و ئامانجی باڵای ئەوان تێکشکاندنی ئابوری رووسیا و تەنیاخستنی ئێمەیە، بەڵام ڕووسیا زۆر لەوە دەوڵەمەندترە کە بە گەمارۆکانی ئەوان بڕوخێت، رووسیا زەنگینە بە سەرچاوەی سرووشتی وزە و گرفتی گەورەی بۆ ساز نابێت".

گوتیشی: "بەرەی دژ بە رووسیا ئامانجی خۆی نەپێکا، چونکە گەمارۆکان لەلایەن چین و هیندستان، وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریکا و دنیای عەرەبییەوە  پشتیوانی ناکرێن، بۆیە تا ئەندازەیەک ئەتوانن کاریگەری دابنێن، پاش گەمارۆکان رۆژئاوا تێگەشت کە ئەوان زیاتر لەوەی بیریان دەکردەوە وابەستەی سەرچاوە کانزایی و وزەییەکانی رووسیان، ئەوان تێگەشتن کە بەبێ کانزای دانسقە و بەنرخی رووسیا و بەبێ دانەوێڵە و پەینی کیمیایی و سەرچاوەی وزەیی ئەم وڵاتە ئەستەمە جێگرەوە بدۆزنەوە".

ئەلیکسێی پوشکۆڤ، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا سیاسەتی گەمارۆی ئابووری تووشی رووبەڕووبوونەوە هاتووە، لە وڵاتانی رۆژئاوادا و لەلایەن کۆمپانیا و بازرگانانەوە، بەڵام ئەم هەڵگەڕانەوەیە جارێ نەگەشتووەتە ئاستێک کە رۆژئاوا چاو بە سیاسەتی گەمارۆ و سزاکانیدا لە دژی رووسیا بخشێنێتەوە".