کۆشکی سپی: رێککەوتننامە ئامادەیە و پەسندکردنی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی

K24 – هەولێر

جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، لەبارەی زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران گوتی: رێککەوتنەکە ئامادەیە و ئێستا لەسەر مێزە، بەڵام پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە کە پەسندی دەکات یان نا".

بە پێی گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، حکومەتی جۆو بایدن، سوورە لەسەر ئەوەی کە هیچ کات رێگە نەدات ئێران توانایی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی سێشەممەی رابردوو (26ی تەمووز) ئاشکرای کرد کە بۆ دەربازبوون لە  بنبەستی دانوستانەکان، پێشنیاری نوێی پێشکەش کردووە.

ئەو بە رۆژنامەی فاینشناڵ تایمزی گوت: لەو پێشنیارەدا وردەکاریی تەواوی هەڵگرتنی ئابلۆقەی ئابووری و هەنگاوە پێویستەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی بەرجام، خراونەتەڕوو.

ئەو پێشنیارە جموجۆڵی دیپلۆماسی نوێی لێکەوتەوە. رۆژێک دوای ئەو پێشنیارە، وەزیری کاروباری دەروەی ئێران لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا و لەلایەکی دیکەوە نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی عومان، گفتوگۆیان کرد.

حوسێن عەبدوڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێل، رایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە "درێژەپێدانی دیپلۆماسی و دانوستان" دەکات.