بڕیاری دەستگیرکردنی 32 ئەندامی هەدەپە دەرچوو

بەدریە کوش، هاوسەرۆکی لقی هەدەپە لە مێرسین و چەندین ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئاکدێنیز، لە ناو ئەو ناوانە دان

K24 - هەولێر

لە باکووری کوردستان بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 32 ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەرچوو. بەرپرسی لقی هەدەپە لە شاری مێرسین، لە ناو ئەو کەسانە دایە.

بە بڕیاری دادگای مێرسین، بڕیاری گرتنی 32 ئەندامی هەدەپە بە تۆمەتی پشتگیریکردن کە پەکەکە، کەجەکە، پەیەدە و یەپەگە، دەرچوو.

بەدریە کوش، هاوسەرۆکی لقی هەدەپە لە مێرسین و چەندین ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئاکدێنیز، لە ناو ئەو ناوانە دان.

ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی مێرسین و بە بەشداری زیاتر لە 500 پۆلیس دەستیپێکرد. تا ئێستا چەندین کەس لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیر کراون، بەڵام ژمارەیان دیار نییە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، چەند رۆژ لەمەوپێش لە بەندیخانەی ئەدێرنە و لە رێگەی پارێزەکەیەوە وەڵامی ماڵپەڕی  T24ی دایەوە و گوتی: هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە. دەمانەوێت ئەوە بۆ رای گشتی تورکیا روون بێتەوە کە هەدەپە، باڵی سیاسی پەکەکە نییە. حزبێک کە کاری سیاسی بکات، پێویستی بە باڵی سەربازی نییە. دەمیرتاش، هەروەها داوای "بێدەنگکردنی چەکەکان"ی کردبوو.

کەمال کلیچدار ئۆغلو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێشوازی لەو بانگەوازەی سەلاحەدین دەمیرتاش کردبوو.

کلیچدار ئۆغلو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی T24ی تورکی رایگەیاندبوو، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە کە هەدەپە دەبێتە حزبێکی تورکیا. دەبێت لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام بن. دەبێت ئەمە لەلایەن ئۆرگانێکی دیکەی هەدەپەوە بگوترێت.

سەرۆکی جەهەپە، داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد و گوتی: ئەو بەناحەق گیراوە. ئەو گیراوێکی سیاسییە و دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێت. هەروەها عوسمان کاڤالاش لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێت.