کیم جۆنگ ئون: ئامادەین بۆ هەر پێکدادانێک لەگەڵ ئەمریکا
K24 - هەولێر:
کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەبارەت بە پێکدادانی وڵاتەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گوتی: ئامادەین بۆ هەر پێکدادانێک لەگەڵ ئەمریکا.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریا، کیم جۆنگ ئون لە میانی وتارێکدا لە یادی 69 ساڵەی ئاگربەستی جەنگی کۆریا کە لە 27ی تەمموز پێشکەشیکرد، جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە لە هەر پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ ئەمەریکادا هێزی رێگری ئەتۆمی بڵاوەپێبکات.
ئەمەش والێکدرایەوە کە هەردوو کۆریای باشوور و باکوور هێشتا لە شەڕدان و کیم جۆنگ ئون گوتیشی: "دووبارە دەیڵێمەوە، ئامادەین بۆ هەر پێکدادانێک لەگەڵ ئەمریکا".
"رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریکا هەڕەشەی ئەتۆمی دروستدەکات، چونکە ئەو ململانێیە بەو مانایە دێت کە کۆریای باکوور بۆ بەهێزکردنی بەرگری خۆی، دەبێت ئەرکێکی مێژوویی بەپەلە جێبەجێ بکات." کیم جۆنگ ئون وەهای گوت.
لێدوانەکانی سەرۆکی کۆریای باکوور لەکاتێکدایە کە چەند مانگی رابردوو پەرلەمانتارێکی کۆریای باشوور بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی دەزگای سیخوڕی سیئۆل رایگەیاندبوو، کۆریای باکوور ئامادەکارییەکانی بۆ تاقیکردنەوەی ناوکی تەواوکردووە و چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکات بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.
لە سەرەتای مانگی ئایاردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش رایگەیاندبوو، کۆریای باکوور رەنگە لەم مانگەدا تاقیکردنەوەی ناوکی ئەنجامبدات.