لە حەوت مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار روویان لە پارێزگای دهۆک کردووە

250 سەیرانگا و تاڤگە و شوێنی گەشتیاری لە دهۆک هەن
ناوچەیەکی گەشتیاری دهۆک
ناوچەیەکی گەشتیاری دهۆک

K24 - دهۆک

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری دهۆک لە ماوەی حەوت مانگدا یەک ملیۆن گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو پارێزگایە کردووە.

رێوار محەمەد، وتەبێژی بەڕێوبەراتی گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە رووی هاتنی گەشتیارانەوە دهۆک رێکۆردێکی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەو پێیەی کە تەنیا لە 7 مانگی سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆک، یەکەمجارە ئەو ژمارەیە تۆمار دەکرێت".

گوتیشی: "تەنیا لە 10 رۆژی جەژنی قورباندا زیاتر لە 104 هەزار گەشتیار روویان لە شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک کردووە، کە پێنج هەزاریان خەڵکی دەرەوەی عێراق بوونە".

رێوار محەمەد راشیگەیاند: "تۆپبارانی سەیرانگای گوندی پەرەخ لەلایەن تورکیاوە، هیچ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیاران نەبووە، بەڵکو هاتنی گەشتیاران زیادیکردووە".

ساڵ دوای ساڵ هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری دهۆک، لە ساڵی 2019 نزیکەی 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگاکە، بەڵام لە 2021 دا ئە م رێژەیە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار زیادیکردووە، هەروەها ساڵی 2022 چاوەرێ دەکرێت ژمارەکە زۆر زیاتر بکات.

پارێزگای دهۆک، خاوەنی سرووشتێکی سەرنج راکێشە و خاوەنی 250 سەیرانگا و تاڤگە و شوێنی گەشتیارییە، ئەمەش بووەتە هۆی راکێشانی سەرنجی گەشتیاران و رۆژانە نزیکەی هەزار گەشتیار سەردانی ئەو پارێزگایە دەکەن، کە زووربەیان خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.