داشکاندنەکانی رووسیا بۆ نەوت زیانی بە سعوودیە و عێراق گەیاندووە
K24 - هەولێر:
بەهۆی داشکاندنەکانی مۆسکۆ بۆ نەوتەکەی، ئێستا چین و هیندستان نەوتی زیاتر لە رووسیاوە هاوردە دەکەن، لە کاتێکدا بەر لە داشکاندنەکان سەرچاوەی هاوردەیان عێراق و سعوودیە بوو.
پشکی رووسیا لە دابینکردنی نەوت بۆ هیندستان لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە سەدا 18.8 لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو سەدا 3.4ـی پێکهێنابوو.
بە گوێرەی دوایین داتاکان هاوردەی نەوتی هیندستان لە رووسیاوە لە مانگی حوزەیران سەدا 15.5 بەراورد بە مانگی ئایار زیادیکردووە، لە بەرامبەردا هاوردەی لە عێراق بە رێژەی سەدا 10.5 و لە سعوودیەش سەدا 13.5 کەمی کردووە.
سەرەڕای ئەمانەش رووسیا دووەم گەورەترین دابینکەری نەوت بووە بۆ هیندستان، لە دوای عێراق و سعوودیەش بۆ دووەمین مانگ لەسەر یەک لە پلەی سێیەمدایە.