دەزگای هەواڵگری تورکیا: بەرپرسێکی پەکەکەمان لە سلێمانی کردە ئامانج

"خەجیجە هەزەر (بێریڤان زیلان)، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە بووە"
بێریڤان زیلان و ئەندامێکی دیکەی پەکەکە (ئەنادۆڵ)
بێریڤان زیلان و ئەندامێکی دیکەی پەکەکە (ئەنادۆڵ)

K24 - هەولێر:

دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکیاندا لە شاری سلێمانی، خەجیجە هەزەر، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، ئەو تیمەش کە بە کارەکە هەڵساون گەڕاونەتەوە تورکیا.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگری تورکیادا (میت)، شوێنی خەجیجە هەزەر کە (بە بێریڤان زیلان ناسراوە) دیاریکردووە و لە ئۆپراسیۆنێکدا لە شاری سلێمانی کراوەتە ئامانج.

ئاماژە بەوەشکراوە "ئەو تیمەی بەشداریی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان کردبوو، دواتر بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە تورکیا".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بێریڤان زیلان، لە ساڵی 1991ەوە، پەیوەندی بە پەکەکەوە کردووە و پێشترین برایەکەی دیکەی لە پێکدادانێکی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1998 دا کوژراوە.

رۆژی (17/6/2022) فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا، ئۆتۆمبێلکی چەکدارانی پەکەکەیان لە نزیک سایلۆی کەلار کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، دواتریش سوپای تورکیا رایگەیاند، لەو هێرشەدا بەرپرسێکی باڵای پەکەکەیان بە ناوی دەلال عەزیز لە سنووری پارێزگای سلێمانی کردووەتە ئامانج و کوشتوویانە.