رژێمی سووریا هێزی زیاتر رەوانەی فرۆکەخانەی منغ دەکات

هێزێک بە فەرماندەیی ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد، لە فرۆکەخانەکە جێگیرکراوە
فرۆکەخانەی سەربازیی "منغ"، وێنەی ئەرشیفی
فرۆکەخانەی سەربازیی "منغ"، وێنەی ئەرشیفی

K24 – هەولێر

رژێمی سوریا هێزێکی سەربازیی نوێ بە چەکی قورسەوە، رەوانەی فرۆکەخانەی سەربازیی "منغ" لە نزیک شارۆچکەی تەلرەفعەت لە باکووری حەلەب کرد.

دوای ئەوەی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە، شارۆچکەی تەلرەفعەت و گوندەکانی دەوروبەریان تۆپباران کرد، رژێمی سووریا هێزی زیاتری بە چەکی قورسەوە رەوانەی فرۆکەخانەی سەربازیی "منغ" کرد.

ئەو فرۆکەخانەیە لە نێوان تەلرەفعەت و "ئەزاز" دایە و تەنیا شەش کیلۆمەتر لە شارۆچکەی "ئەزاز" دوورە. ساڵی 2013 ئەو فرۆکەخانەیە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریاوە کۆنترۆڵ کرا و لەو کاتەوە هەموو چالاکییەکانی تێدا راگیرا. دواتر لە ساڵی 2016 فرۆکەخانەکە لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کۆنترۆڵ کرا.

میدیاکانی نزیک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بڵاویان کردەوە، بەمدواییە فرقەی چواری رژێمی سووریا بە فەرماندەیی ماهیر ئەسەد برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە، لە فرۆکەخانەی "منغ" جێگیر بووە. هەروەها باسیان لە تەیارکردنی ئەو هێزە بە چەکی قورس کردووە.

دوای هەڕەشەکانی ئەمدواییەی تورکیا و سووربوونی لەسەر هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بە تایبەت لە تەلرەفعەت و منبج، پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق ئاڵۆزتر بووە. رۆژانە ناوچە سنوورییەکانی سووریا لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران دەکرێت یان بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشیان دەکرێتەسەر.