درۆنێک لە بامەڕنێ کەوتە خوارەوە

"بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکەوە ئاگرکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە"
شوێنی بۆردومانەکە
شوێنی بۆردومانەکە

K24 - دهۆک:

لە شارۆچکەی بامەڕنێ-ی سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆک درۆنێک کەوتە خوارەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (28ــی تەمووز) کاتژمێر 11:30 نیوەڕۆ، درۆنێک لە نزیک لیژنەی پارتی لە ناحیەی بامەڕنێ کەوتە خوارەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بە ناوچەکە گەیاندووە.

عەگید کورەمارکی، بەرپرسی لیژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناحیەی بامەڕنێ بو کوردستان24ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ درۆنێک لە نزیک بارەگای لیژنەکەیان لە بامەرنێ کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگر بەربووتە شوێنەکە.

ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا نازانرێت کە درۆنەکە لە بارەگای سەربازی تورکیا لە ناو فڕۆکەخانەی بامەڕنێ دەرچووە، یان لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ئاراستەی بارەگای تورکیا کراوە و بەر ئەو شوێنە کەوتووە.

لیژنەی پارتی یەک کیلۆمەتر و نیو (نزیکەی 1500 مەتر)، لە بارەگای سەربازی تورکیا لە ناوچەکە دوورە.

لە رۆژی هەینی رابردووشدا بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر سەربازگەی تورکیا لە بامەڕنێ، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.