نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كونسوڵی رووسیا و كوه‌یت پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراقیان تاوتوێكرد

هەرێمی كوردستان و عێراق خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكانن لەگەڵ هەریەك لە رووسیای فیدراڵ و كوه‌یت
دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كونسوڵی گشتی رووسیا
دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كونسوڵی گشتی رووسیا

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ كونسوڵی گشتی رووسیای فیدڕاڵ و كوه‌یت، به‌مه‌به‌ستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی كاره‌كانیان كۆبووه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە 28ـی ته‌مموزی 2022) راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەجیا پێشوازی لە هەریەك لە ئۆلێگ لڤین كونسوڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ و عومەر ئەلکندەری كونسوڵی گشتیی كوه‌یت لە هەرێمی كوردستان كرد، كە بەمەبەستی كۆتاییهاتنی كارەكانیان لە هەرێمی كوردستان و بۆ ماڵئاوایی سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردبوو.

نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی هه‌ردوو كونسوڵی كرد، كه‌ ڕۆڵیان لە پتەوكردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەماوەی كاركردنیاندا، هه‌بوو.

دووپاتیشیكردەوە كە هەرێمی كوردستان و عێراق خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكانن لەگەڵ هەریەك لە رووسیای فیدراڵ و كوه‌یت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جەختی لە بره‌ودان به‌ پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ رووسیا و كوه‌یت كردەوە، هاوكاریی وڵاتەكانیانی لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان، بەرز نرخاند.

هەردوو كونسوڵی گشتیی رووسیا و كوه‌یت، سوپاسی هاوكاری و پشتگیرییەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌کانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە كار و چالاكییەكانیان کرد، لەو ماوەیەی كە لە هەرێمی كوردستان كاریان كردووە، پوختەیەكیشیان دەربارەی كار و چالاكییەكانی ماوەی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو كونسوڵی گشتی رووسیا و كوه‌یت، تاوتوێی پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق، ناوچەكە و جیهان كرد، جیا له‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی چەند بابەتێكی جێگەی بایەخی هاوبەش.

كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی گشتی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر
كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و كونسوڵی گشتی كوه‌یت له‌ هه‌ولێر