خەونی پۆگبا لەگەڵ یوڤێنتۆس دەبێتە کابووس

پۆڵ پۆگبا ناوه‌راستكاری فه‌ره‌نسی یانه‌ی یوڤێنتۆس
پۆڵ پۆگبا ناوه‌راستكاری فه‌ره‌نسی یانه‌ی یوڤێنتۆس

خەونی پۆگبا لەگەڵ یوڤێنتۆس دەبێتە کابووس، ئەم یاریزانە فەرەنسیە دوای وەرزێکی خراپ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەهیوابوو لەگەڵ یوڤێنتۆس بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی، بەڵام هەرزوو پێکان بەرۆکی پۆگبای گرت و تەنانەت ئەگەر هەیە نەتوانێت لەگەڵ فەرەنسا بەشداری لە مۆندیالی 2022ی قەتەر بکات.

پۆل پۆگبا ئەستێرەی فەرەنسی دوای چەند هەفتەیەک لە پەیوەندیکردن و گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یوڤێنتۆس رووبەڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە، خەونی ئەم یاریزانە لەگەڵ خانمە پیرەکە دەبێتە کابووس، پۆگبا لەبەردەم دووڕیانێکە و هەردوو رێگەش کاریگەری لەسەر داهاتووی دەبێت.

پۆگبا تووشی پێکانێک بوو لە ئەژنۆی و بەهۆیەوە نەیتوانی قۆناغی ئامادەکاریی لەگەڵ یوڤێنتۆس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەواو بکات، یانە ئیتاڵیەکە هێمای بۆ ئەوە کردووە پۆگبا پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت بۆ دیاریکردنی چارەسەرێکی گونجاو لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان، بەڵام رۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی وردەکاری پێکانەکەی و سەختی پێکانەکەی پۆگبای ئاشکرا کردووە.

سەرچاوە ئیتاڵیەکە ئاشکرای کردووە پۆل پۆگبا دوو بژاردەی لەبەر دەستە، یەکەمیان ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لە پێکانەکەی رزگاری بێت، بەلآم ئەم رێگایە مانای دوورکەوتنەوەیەتی لە یاریگاکان بەلایەنی کەمەوە تاکو چوار مانگی داهاتوو، ئەمەش مانای ئەوەیە پۆگبا لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر ئامادە نابێت و ناتوانێت درێسی کەڵەشێرەکان بپۆشێت.

بژاردەی دووەمیش کە پۆگبا لەبەردەمیەتی وەرگرتنی چارەسەریە کە ئەگەر هەیە بەم رێگەیە خێراتر چاک ببێتەوە و بگەڕێتەوە یاریگاکان، بەڵام ئەم بژاردەیە مەترسی لەسەر داهاتووی دەبێت و رەنگە جارێکی دیکە پێکانەکەی نوێ ببێتەوە و مەترسی زیاتریشی لەسەر دروست بکات.

لاگازێتا ئاماژەی بەوەش کردووە کارگێری یوڤێنتۆس بڕیاریداوە پزیشکێکی پسپۆر لە فەرەنسا بەکاربهێنێت کە پێشتر لەگەڵ پۆگبا کاری کردووە بۆ ئەوەی رێگە چارەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر باشترین بژاردە بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێکانەکەی ناوەڕاستکارە فەرەنسیەکە.

پۆگبا لە وەرزی رابردووش لەگەڵ مانچێستەر یونایتد زۆربەی کاتەکانی بە پێکان بەڕێکرد و لە زۆربەی یارییەکان دابڕا، بەهۆیەوە بەردەوام ئاستی لەدابەزین بوو، پۆگبا بەهیوابوو گەرانەوەی بۆ یوڤێنتۆس دەرفەتێک بێت بۆ دووبارە درەوشانەوەی لە یاریگاکان و بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی لە نێوان 2012 بۆ 2016 بەڵام هەموو شتێک خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە و خەونەکەی پۆگبا لەگەڵ خانمە پیرەکە دەبێتە کابوو.