كازمی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

"حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت خستووه‌"
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق
مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق

K24 - هەولێر:

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ میانی راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێی لایه‌نگرانی سه‌در له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، رووداوه‌كانی عێراق ناكۆكی سیاسیین.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (28ـی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2022) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوایه‌كی له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد و رایگه‌یاند، "داوا له‌هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین له‌م دۆخه‌ تێبگه‌ن، كه‌ وڵاته‌كه‌مان پێیدا تێده‌په‌ڕێت".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌م ناكۆكییانه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێت".

گوتیشی: "حكومه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی پێش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت خستووه‌".

ئه‌م په‌یامه‌، دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ خۆپیشانده‌رانی ره‌وتی سه‌در، به‌ ئامێری به‌رزكه‌ره‌وه‌، به‌ به‌رچاوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتییه‌كانی به‌رده‌م ناوچه‌ی سه‌وزیان هه‌ڵگرت و چوونه‌ ناو ناوچه‌كه‌وه‌.

دواتر خۆپیشانده‌ران چوونه‌ سه‌ر هۆڵی پێشوازییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و پاشانیش روویانكرده‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت.