چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی: پێشبینی دواخستی دانیشتنی رۆژی شه‌ممه‌ی نوێنه‌ران ده‌كه‌ین

K24 – هه‌ولێر:
كه‌رم خه‌زعه‌لی، سه‌ركرده له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، كورد پێویسته یه‌كلا بێته‌وه له‌سه‌ر كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆمار و تا ئه‌و پرسه یه‌كلا نه‌كرێته‌وه حكومه‌ت پێكناهێنرێت.
كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی له باره‌ی ره‌وشی عێراقه‌وه وتی: تا ئێستا ره‌وشه‌كه روون نییه، تا قسه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت. چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كاندیدی خۆی ده‌ستنیشان كردووه، دواتر ده‌پاڵێورێت و پاشان راده‌سپێردرێت و ئینجا ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.
وتیشی: پرسی سه‌رۆك وه‌زیران، په‌یوه‌سته به سه‌رۆك كۆماره‌وه، چونكه سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆك وه‌زیران راده‌سپێرێت، تا ئێستا كورد پرسی سه‌رۆك كۆماری یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه.
روونیشیكرده‌وه، رۆژی شه‌ممه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پرسی سه‌رۆك كۆمار كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا كورد له ناو خۆیدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه.
له باره‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی و ده‌ستنیشانكردنی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتوو، خه‌زعه‌لی وتی: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، كاندیدی خۆی یه‌كلاكردووه‌ته‌وه و هاوكات جێگره‌وه‌شی هه‌یه، ئێستا دۆخێكی ناسه‌قامگیر هه‌یه له رووی سیاسییه‌وه. هه‌ندێك ناوی دیكه‌شمان هه‌ن، بۆ جێگره‌وه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ره، ئه‌و كاته‌ی كه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ره‌وتی حیكمه، وتی: ئێمه له ره‌وتی حیكمه، به‌شداری له حكومه‌تدا ناكه‌ین، له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردندا وتوومانه به‌شداری ناكه‌ین، هۆكاری خۆمان هه‌بوو، ئێمه به‌شێكین له پرۆسه‌ی سیاسی، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌كه‌ین، بۆچوونی ئێمه ئه‌وه بووه، به‌شداری له حكومه‌تدا ناكه‌ین، به‌ڵام پشتیوانی له پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها وتی: بێگومان ئێمه پشتیوانی له پرۆسه‌كه ده‌كه‌ین و داوای چاككردنی واقیعه‌كه ده‌كه‌ین، كێشه‌ی سیاسی له عێراقدا هه‌یه، ماوه‌ی نۆ مانگه ره‌وشی سیاسی چه‌قبه‌ستووه، ئێمه هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆمان به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌نانه‌وه، سه‌رۆك كۆمار یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه و حكومه‌ت پێكنه‌هێنراوه، ده‌بێت حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاری پێكبهێنرێت.
هه‌ر له باره‌ی ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران وتی: پێم وایه كۆبوونه‌وه‌ی شه‌ممه دوا ده‌خرێت، كورد بابه‌تی سه‌رۆك كۆماری یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه، ئێستا ده‌وترێت به دوو كاندید دێنه نوێنه‌ران و ده‌شوترێت نایه‌ن به دوو كاندید، ئه‌وان بابه‌تێكی دیكه‌یان هێناوه‌ته ئارا، په‌رله‌مانی كوردستان قسه‌ی لێ بكات، ئایا په‌رله‌مان ده‌توانێت ئه‌وه یه‌كلا بكاته‌وه، پێشمان وایه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه دواده‌خرێت بۆ كاتێكی دیكه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوو سیناریۆ له‌به‌ر ده‌م پارتی و یه‌كێتییدان، ئه‌وانیش، یان ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كاندیدێكی یه‌كگرتوو رێكده‌كه‌ون، یاخود هه‌ر یه‌كه‌یان به دوو كاندید بێنه ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و به ده‌نگدان پرسه‌كه یه‌كلا بكرێته‌وه.
له باره‌ی سه‌ردانی ئیسماعیل قائانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ به‌غدا، كه‌ره‌م خه‌زعه‌لی وتی: سه‌ردانه‌كه‌ی قائانی دیپلۆماسی و ئاسایی بووه و له عێراق رێگه به ده‌ستوه‌ردان نادرێت و ناكرێت فه‌رمان له ده‌ره‌وه بێت و ئه‌م قۆناغه زۆر هه‌ستیار و له‌رزۆكه و وڵات پێویستی به یه‌كگرتوویی هه‌یه و په‌یوه‌ندییه‌كی تۆكمه‌مان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك مافی ده‌ستوه‌ردانی نییه.