چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستبه‌رداری سوودانی نابێت

"لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران بۆچوونی جیاوازیان هه‌بووه‌"
محەمەد شیاع سوودانی، كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران
محەمەد شیاع سوودانی، كاندیدی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران

K24 - هه‌ولێر:

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیاندووە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ  ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران بۆچوونی جیاوازیان له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی عێراق هه‌بووه‌ و باسی بۆچوونه‌كانی موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌دریش كراوه‌.

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی و  لەپێناو رەواندنەوەی نیگەرانی لایەنەکانیش لیژنەیەکی بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە پێکهێناوە، لەبەرامبەریشدا رەوتی سەدری هۆشداری لە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دەنگدان بە سوودانی دەدات.

عارف حەمامی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، پەلاماردانی پەرلەمان لەلایەن لایەنگرانی رەوتی سەدری کاریگەری لەسەر هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاندیدکردنی سوودانی نابێت.

هاوکات سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی راگەیاندووە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ  ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران دوو بۆچوونیان هەبووە، بەشێکیان لەگەڵ ئەوەبوونە حکومەتی ئێستا بەردەوامبێت و کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، لەبەرامبەردا بەشێکی دیکەیان پێیانوابووە، نابێت بکەونە ژێر کاریگەرییەکانی موقتەدا سەدر و بەڵکو دەبێت حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی سوودانی پێکبهێنن.

رەوتی سەدری بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، دژی کاندیدکردنی سوودانییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بە بڕوای سەدر سوودانی سێبەری مالیکییە و ئەویش پێشتر تاقیکراوەتەوە، هەربۆیەش لە چەند رۆژی رابردوودا لایەنگرانیان خۆپیشاندانیان کرد و چوونە ناوچەی سەوز و پەرلەمانی عێراق.

هەرچەندە گومان دەکرێت رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە، بەڵام پێشوەختە رەوتی سەدر هۆشداری لە ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک بۆ ئەم مەبەستە دەدات، ئیبراهیم جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌در رایگه‌یاند، رۆژی شه‌ممه‌ خۆپیشاندان دەکەن و بۆ ئەو رۆژەش ئامادەن.

به‌شداری دانیشتنی په‌رله‌مان ناكه‌ن

لەلایەکی دیکەوە بەشێک لە لایەنەکان لە هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن و جەختدەکەنەوە، بەبێ رێککەوتن بەشداری لە کۆبوونەوەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەن.

هاوپه‌یمانی سیاده‌ بە سەرۆکایەتی خه‌میس خه‌نجه‌ر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، به‌و مه‌رجه‌ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن، رێككه‌وتنێكی فه‌رمی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان واژوو بكه‌ن و له‌گه‌ڵ پارتیش رێككه‌وتنێكی هاوشێوه‌ ئه‌نجام بده‌ن و گرێنتی جێبه‌جێكردنی شایسته‌ سیاسییه‌كانیان بكه‌ن.

زیاتر لە 9 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی کێشە و ناکۆکی نێوان لایەنەکان نەتواندراوە حکومەت پێکبهێنرێت، بە گوتەی چاودێرانی سیاسیش دوای خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی رەوتی سەدر ئەستەمە چوارچێوەی هەماهەنگی بتوانێت حکومەتی نوێ پێکبهێنێت.