كتێبێكی دیكه‌ی سه‌رۆك بارزانی بەمزووانە دەكەوێتە بەردەستی خوێنەران

كتێبه‌كه‌ بەرهەمی یاداشتەكانی رۆژانەی ژیانی سەرۆك بارزانییە
بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد"ی سه‌رۆك بارزانی دەكەوێتە بەردەست خوێنەران
بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد"ی سه‌رۆك بارزانی دەكەوێتە بەردەست خوێنەران

K24 - هه‌ولێر:

باره‌گای بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەمزووانە بەرگی پێنجەمی زنجیرە كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد" لە نووسینی سەرۆك مەسعود بارزانی لەژێر ناونیشانی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) دەكەوێتە بەردەست خوێنەران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: كتێبی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) لە 832 لاپەڕە و بیست بەشی جیاجیا پێكهاتووە و رۆشنایی خستووه‌تە سەر قۆناغێكی گرنگی خەباتی گەلەكەمان.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، كتێبه‌كه‌ بەرهەمی یاداشتەكانی رۆژانەی ژیانی سەرۆك بارزانییە لە نێوان ساڵانی 1991 تا 2002، باسی ئەو رووداوە گرنگانە دەكات، كە لە راپەڕین و ساڵانی دوای راپەڕین لە هەرێمی کوردستاندا روویان داوە و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی گەلی كوردستانی لەو بەشەی كوردستاندا بردووەتە قۆناغێكی پێشكەوتووتر.

باره‌گای بارزانی روونیكرده‌وه‌، رووداوی زۆر گرنگی وەک راپەڕینی جەماوەریی کوردستان، پلانی بەرەی کوردستانی و پێشمەرگە، ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، پەلاماری رژێم و کۆڕەوه‌ ملیۆنییه‌که‌ی گەلی کوردستان و بەرگریی پێشمەرگە و بریاڕی 688ـی ئەنجومەنی ئاسایش، دواتر کشانەوەی رژێم و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەگەڵ رژێم و هەڵبژاردنەکانی 1992 و هەڵكشانی پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستان و فراوانبوونی دەستكەوت و دۆستایەتی و پەیوەندییەكان لەو كتێبەدا باس كراوه‌.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌، لەو كتێبەی سەرۆك بارزانیدا باس لەو ئاستەنگ و گیروگرفتانە كراوە، كە بوونەته‌ كۆسپ لەبەردەم گەلی كوردستان. ئابڵۆقە و دەستوەردانە دەرەکییەکان و هەڵەی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی و شەڕی خۆکوژی و ململانێکان و هەڕەشەی بەردەوامی هەرێمایەتی و بارودۆخی نالەباری ئابووری و سەدان رووداو و ئاستەنگی دیكه‌ لەم كتێبەدا ئاماژەی پێ دراوە.

جه‌خت له‌وه‌ش كراوه‌، كتێبەكە كۆمەڵێك وێنەی گرنگ و مێژوویی و 73 بەڵگەنامەی سیاسی و مێژوویی لەخۆگرتووە و سەرچاوەیەكی گرانبەهای سیاسی و مێژووییە بۆ خوێنەران و توێژەران و مێژوونووسان.

به‌رگی یه‌كه‌می زنجیره‌ كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد)، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1931 تا 1958، به‌رگی دووه‌م ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1958 تا 1961 و به‌رگی سێیه‌میش كه‌ له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1961 تا 1975، چاپ و بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌ر‌ یه‌كێكیان باس له‌ ورده‌كاریی قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی سیاسه‌ت و سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ستپێكردنی شۆڕشه‌كانی كورد ده‌كات.

به‌رگی چواره‌می كتێبی (بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد)یش له‌ مانگی ئه‌یلوولی 2021 چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ دوو به‌ش پێكهاتووه‌ و تێیدا باس له‌ ورده‌كارییه‌كانی شۆڕشی گوڵان ده‌كات. به‌مزووانه‌ به‌رگی پێنجه‌میش لەژێر ناونیشانی (راپەڕین، دەرفەت و ئاستەنگەكان) دەكەوێتە بەردەست خوێنەران.