عەمار حەکیم داوایەك ئاراستەی لایەنە کوردییەکان دەکات

"عەقڵیەتی قۆرخکاری و تاکڕەوی رەتکراوەن و بەهیچ شوێنێکمان ناگەیەنن"
عەمار حەکیم - ئەرشیف
عەمار حەکیم - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە دوایین گوتاریدا داوای لە لایەنە کوردییەکان کرد، لەسەر کاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێكبکەون.

داواکەی عەمار حەکیم لەکاتێکدایە وا بڕیارە، سبه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ تاووتوێكردنی پرسی سه‌رۆك كۆمار كۆببێته‌وه‌.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە دوایین گوتاریدا کە ئەمڕۆ لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی بەشێك لە لایەنگرانی پێشکەشی کرد، گوتی: "لەم چەند رۆژەی رابردوودا هەوڵێك بۆ نانەوەی فیتنە هەبوو، داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم کێشەکان وەلابنێن و داوا لە لایەنگرانم دەکەم رووبەڕووی هەڵمەتی تاریکپەرستان ببنەوە".

عەمار حەکیم سەبارەت بە جمووجۆڵە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق لە گوتارەکەیدا باس لەوە دەکات، عەقڵیەتی قۆرخکاری و تاکڕەوی رەتکراوەن و بە هیچ شوێنێکیان ناگەیەنن، هەروەها داوای کرد رێگە نەدەن ترس و تۆقاندن بگەڕێتەوە.

عەمار حەکیم لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا داوای وەستاندنی گوتاری رق و کینە دەکات و دەڵێت "باوەڕ بە هەموو سەکۆیەك مەکەن و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن".

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی ئەوەی خستەڕوو، حکومەتی داهاتوو لەبەردەم قۆناغێکی نوێدایە و دەبێت بەڵێنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی بدات، ئومێدەواریشە "سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لە ئاست بەپرسیارییەتی بێت".

ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی، پێویستە رووبەڕووی ئەو ئاستەنگییانە ببنەوە، کە بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵات و کۆمەڵگەی عێراقی.  

عەمار حەکیم سوورە لەسەر ئەوەی، بۆ پارێزگاریکردن لە شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی، دەبێت پشت بە یاسا و دەستوور ببەستن و بەرەنگاری چەقبەستووی سیاسی ببنەوە.

سەبارەت بە پرسی ئابووری و کەرتی نەوتی عێراق، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی گوتی "نابێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستین، ئابووری عێراق دەبێت فرەسەرچاوە بێت".

قۆناغێکی نوێی جمووجۆڵە سیاسییەکان

ئەم گوتارەی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتیمانی دوای ئەوەی دێت، رۆژی 25ی ئەم مانگە، چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنە شیعەکان رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی کاندید دەکەن بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەمەش جمووجۆڵە سیاسییەکان لە عێراقدا کەوتنە قۆناغێکی نوێوە.

رۆژی 27ـی ئەم مانگەش دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی، لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان دەستپێکرد و چوونە ناوچەی سەوز و به‌ بێ بوونی هیچ به‌ربه‌ستێكی ئه‌منی چوونه‌ ناو حه‌ره‌م و هۆڵی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیش به‌ میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاند، لایه‌نگرانی رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ده‌ستیان به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی چادر له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریر و ده‌وروبه‌ری كردووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندانی سبه‌ی، كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.