سبەی وادەی چاوەڕوانکراوی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە ئاسمانییەکەی چینە

ئایا لە عێراق دەکەوێتە خوارەوە؟
مووشەکی چینی (Long March 5) لە مۆدێلی (CZ-5B)
مووشەکی چینی (Long March 5) لە مۆدێلی (CZ-5B)

K24 - هەولێر:

سەنتەری نێودەوڵەتی فەلەکناسی رایگەیاند، سبەی شەممە (30ـی تەمووز) وادەی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە ئاسمانییەکەی چینە کە لە ماوەی رابردوودا کۆنترۆڵی لەدەستدا.

ئەمڕۆ سەنتەری فەلەکناسی نێودەوڵەتی نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە نەخشەی پێشبینی کراوی تایبەت بە شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکە چینییەکە کرابوو، کە عێراق و وڵاتانی دراوسێی لەخۆدەگرت، بەڵام دواتر گۆڕانکاری بەسەردا هات و عێراق و وڵاتانی دراوسێی لە نەخشەکە دەرهاتن. 

هێڵە سەوز و سوورەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی مانگی دەستکردەکە لە کوێ دەکەوێت
نەخشەی سەرەتا کە ئاماژەی بە شوێنی کەوتنەکە دەکرد

رۆژی 24ـی تەمووزی 2022، چین مووشەکی (Long March 5) لە مۆدێلی (CZ-5B) بەرەو بۆشایی ئاسمان هەڵدا، کە یەکێک لە پارچە سەرەکییەکانی هەڵگرتبوو بەناوی (Wentian) بۆ ئەوەی لەگەڵ وێستگەی بۆشایی ئاسمانی چینی (Tiangong) جێگیر بکرێت.

سەنتەری فەلەکناسی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کرد، هیچ لایەنێك لە جیهاندا ناتوانێت بزانێت مووشەکەکە لە کوێ دەکەوێتەوە خوارەوە، بەو پێیەی چەندین فاکتەر هەن کە کاریگەری دەکەنە سەر پرۆسەی پێشبینیکردنەکە، بەڵام تا ساتەوەختی نووسینی ئەم راپۆرتە، پێشبینییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە وادەی کەوتنی ئەم راپۆرتە 30ـی تەمووزە، کە دەکاتە سبەی شەممە.

سەنتەرەکە نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بە شوێنی کەوتنی چاوەڕوانکراو دەکات، بەپێی پێشبینییەکانی بەرنامەی بەدواداچوونی مانگی دەستکرد.

نوێترین نەخشەی پێشبینیکراو، هێڵە سەوز و سوورەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی مانگی دەستکردەکە لە کوێ دەکەوێت
نوێترین نەخشەی پێشبینیکراو، هێڵە سەوز و سوورەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی مانگی دەستکردەکە لە کوێ دەکەوێت