دۆخی سیاسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق پەکدەخات

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق: ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لە پەرلەمان ناکرێت
پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف
پەرلەمانی عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: بارودۆخی سیاسی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی پەکخستووە و ئەمڕۆش هیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران ناکرێت.

محەمەد عەنوز، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ شەممە هیچ دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەناچێت".

ئاماژەی بەوەشدا "نزیکەی 10 مانگە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت گرژی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە، چاوەڕێی دانوستانی لایەنەکان دەکەین".

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، راشیگەیاند "بەهۆی دۆخی سیاسی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پەکخراون".

هەر لەبارەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گرژییەکانی بەغدا رایگەیاند "مەرج نییە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران تەنها لە بەغدا بکرێت، بەگوێرەی یاسا دەتوانرێت لە هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق ئەنجامبدرێت بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە".

ئەمە لەکاتێکیدایە لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر لە گۆڕەپانی تەحریر کە شەوی رابردوو بەڕێوەچوو، بانگەشەی ئەوە دەکرا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە ئەمڕۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کۆببێتەوە، خۆپیشاندەرانیش جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئەوان رێگری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن و ئەو بەربەستانە دەشکێنن کە لەبەردەم ناوچەی سەوز دانراون.

بڕیاریشە ئەمڕۆ جارێکی دیکە لایەنگرانی سەدر دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق، خۆپیشاندان بکەن.