خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و دادگای فیدراڵی دەکەن

پەیامنێری کوردستان24: سات لە دوای سات، ژمارەی خۆپێشاندەران لەزیادبوونە.
خۆپێشاندانەکانی بەغدا
خۆپێشاندانەکانی بەغدا

K24 – هەولێر

خۆپێشاندەرانی بەغدا سوورن بۆ چوونە ناو ناوچەی سەوز و دەڵێن، دو نامەیان بۆ حزبەکان هەیە و داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی و دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن.

ئەمڕۆ (شەممە 30ی تەمووز) جارێکی دیکە خۆپێشاندەران، شەقامەکانی بەغدایان تەنی. ئەوان، ئاڵای عێراق و وێنەکانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدریان بەرز کردووەتەوە و ئاراستەی ناڕەزایەتییان روو لە چوارچێوەی هەماهەنگییە.

پەیامنێری کوردستان24 لە ناو خۆپێشاندەران ئامادەیە. خۆپێشاندەران ئێستا بەسەر دیوارە کۆنکرێتییەکاندا سەردەکەون و بەربەستەکان دەشکێنن.

خۆپێشاندەران بە گشتی دژی بەڕێوەچوونی هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانن بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەت نوێ لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە. ئەوان کاندیدبوونی محمەمەد شیاع سودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران، رەتدەکەنەوە.

رۆژی 25/7/2022، چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەو کاندیدەی رەتکردەوە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگیش سوورە لەسەر کاندیدکردنی.

خۆپێشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دادگای فیدارڵی دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت، سات لە دوای سات، ژمارەی خۆپێشاندەران لەزیادبوونە.