خۆپیشاندەران: دەچینە ناوچەی سەوز

چەندین بەربەست بۆ رێگری کردن لە خۆپیشاندەران دروستکراون
خۆپیشاندانی بەغدا
خۆپیشاندانی بەغدا

K24 – بەغدا

سات دوای سات ژمارەی خۆپیشاندەرانی بەغدا زیاتر دەبێت و دەڵێن: بەربەستەکان دەبڕین و دەچینە ناوچەی سەوز.

بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرانی کوردستان24 لە رووماڵی خۆپیشاندانەکانی بەغدا، تا دێت ژمارەی خۆپیشاندەران لە دەرەوازەی ناوچەی سەوز زیاتر دەبێت و بەشێک لە بەربەستەکانیان بڕیوە، بەڵام چەندین بەربەست بۆ رێگری کردن لە خۆپیشاندەران دروستکراون.

ژمارەیەک خۆپیشاندەر کە لە دەروازەی ناوچەی سەوز بۆ کوردستان24 دوان رایانگەیاند: "هەموو بەربەستەکان دەبڕین و دەچینە ناوچەی سەوز".

پەیامنێرانی کوردستان24، ئاماژەیان بەوەشکرد: "دۆخی بەغدا ناسەقامگیرە و مەترسی لەسەر بارەگای حزبەکان هەیە، هەموو شەقامەکانی گۆڕەپانی تەحریر داخراون".

لە شەوی رابردووەوە لە بەغدا خۆپیشاندانی بەرفراوا دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 25/7/2022، چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەو کاندیدەی رەتیکردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگیش سوورە لەسەر کاندیدکردنی.