ته‌ندروستی عێراق: 60 بریندار گه‌یه‌ندراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، تا ئێستا 60 برینداری خۆپیشانده‌كه‌ی به‌غدا له نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدا پێشوازییان لێكراوه و 14 له‌و بریندارانه‌ش ره‌وشیان خراپه.
ئاژانسی هه‌واڵی عێراق بڵاویكرده‌وه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له سێ نه‌خۆشخانه‌ی جیاواز پێشوازی 60 برینداری خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ كردووه، به به‌رده‌وامیش به‌هانای برینداره‌كانه‌وه ده‌چن و چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی عێراق، 35 بریندار گه‌یه‌ندراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی كرامه، كه زۆربه‌یان حاڵه‌ته‌كانیان له مامناوه‌نده‌وه به‌ره‌و توندییه، 27 برینداری دیكه‌ش بۆ نه‌خۆشخانه‌ی یه‌رموك گوازراونه‌ته‌وه، كه 6 بریندار له‌وانه ره‌وشیان باش نییه و 8 حاڵه‌تی دیكه‌ی ناجێگیریش بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شێخ زاید گوازراونه‌ته‌وه.
خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی سه‌در كه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌رێكه‌وتبوون، برینداری لێكه‌وته‌وه، په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، هێزه ئه‌مه‌نییه‌كان گازی فرمێسكڕژێنیان به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنا، دیمه‌نه‌كانیش نیشانی ده‌ده‌ن، كه خۆپیشانده‌كه ژماره‌یه‌كی زۆر برینداری لێكه‌وتووه‌ته‌وه. باس له‌وه‌ش كراوه، هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یان ئاراسته‌ی خۆپیشانده‌ران كردووه.