چوارچێوەی هەماهەنگیش داوای خۆپیشاندان دەکات

دژێ خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر، خۆپێشاندان بکەن

K24 – هەولێر

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، داوای لە خەڵک کرد دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر، بڕژێنە شەقامەکان و "خۆپیشاندانی ئاشتیانە" بکەن.

چوارچێوەی هەماهەنگی، بەیاننامەیەکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی بەغدا بڵاو کردەوە و داوای کرد، دژێ خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر، خۆپیشاندان بکرێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە لە رووداوەکانی ئەمدواییەی پایتەخت و هەڵکوتانە سەر دامەزراوەکانی یاسادانان، پەرلەمان و هەڕەشە لە بەرپرسانی دەستەڵاتی دادوەری و بارەگاکان، دەڕوانین".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە سەرەڕای دانبەخۆداگرتنمان و ئارامیمان، داوا لەو کەسانە دەکەین کە باوەڕیان بە یاسایە، لە پێناو بەرگری لە وڵات، دەستەڵاتی یاسادانان و دادوەری و مەترسی دەرچوون لە یاسا و شەرع، خۆپیشاندانی ئاشتیانە بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە ئەو لایەنە سیاسیانەی لە پشت هەڕەشە و هەڵکوتانە سەر دامەزراوەکانی حکومەتن، بە بەرپرسی مەترسی خستنەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی دەزانین".

چواڕچێوەی هەماهەنگی دووپاتی کردووەتەوە کە حکومەت و دامەزراوەکانی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، هێڵی سوورن و دەبێت هەموو عێراقییەکان بە هەموو رێگەی ئاشتیخوازانەوە، بەرگری لێ بکەن.

ئەمڕۆ (شەممە ٣٠ی تەمووز) جارێکی دیکە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندەران چەندین داوایان هەیە و دووپاتی دەکەنەوە "تا ئەو کاتەی فەرمانمان پێنەکرێت، ناکشێینەوە".

ئەوان چەندین داوای سەرەکیان هەیە، وەکوو "دادگاییکردنی نووری مالیکی، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دادگای فیدراڵی". خۆپیشاندەران سوورن لەسەر رەتکردنەوەی محەمەد شیاع سوودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.