ژماره‌ی بریندارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌غدا گه‌یشته‌ 125 كه‌س

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی عێراق: ژماره‌یه‌ك له‌ برینداره‌كان ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن

K24 - هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی بریندارانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی به‌غدا گه‌یشتووه‌ته‌ 125 كه‌س، كه‌ 100 بریندار خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نین و 25 برینداری دیكه‌ش ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانن.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دووپاتی كرده‌وه‌، دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان به‌رده‌وامن له‌ چاره‌سه‌ركردنی برینداران و هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستووته‌گه‌ڕ بۆ خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكییه‌كان.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لایه‌نگرانی سه‌در له‌ شه‌قامی كۆمارییه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌رێكه‌وتن و به‌ربه‌سته‌كانیان لابرد و دواتر گه‌یشتنه‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌هۆی خۆپیشاندانه‌وه‌ تا ئیستا 125 بریندار ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.