دره‌نگایی ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا دوایین یاریی خۆی له‌ ئه‌مریكا ده‌كات

پێنج یاریزانه‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی بارسێلۆنا
پێنج یاریزانه‌ نوێیه‌كه‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا دوایین یاریی ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ لە ئەمریکا دەکات و درەنگانی ئەمشەو لە کاتژمێر دوو رووبەڕووی نیویۆرک رێدبۆڵزی ئەمریکی دەبێتەوە، کە بارسا تا ئێستا پێنج گرێبەستی واژۆ کردووە و چاوەڕێ دەکرێ گرێبەستی دیکەش واژۆ بکات.

بارسێلۆنا پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ئیسپانیا، دوایین یەکەی مەشق و راهێنانی کرد و لە درەنگانی ئەمشەویش دوایین یاریی دۆستانە و ئامادەکاریی دەکات و لە ئەمریکا رووبەڕووی نیویۆرک رێدبۆڵز دەبێتەوە.

بارسا بە سەرکردایەتی چاڤی هێرناندێز لە یاریی رابردوو لە داڵاس بە دوو گۆڵ لەگەڵ یوڤێنتۆس یەکسان بوو، لە یاریی پێشووتریش لە لاس ڤیگاس یاریی کلاسیکۆی بە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە ریال مەدرید بردەوە.

بەر لەم یارییە چاڤی راهینەر رایگەیاند دڵخۆشە بە بوونی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و دەشڵێت: مێسی شایستەی دەرفەتی دووەمە لە بارسێلۆنا.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا پێش یارییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌و، چاڤی هێرناندێز راهێنەری بارسێلۆنا ده‌ڵێت: لیڤاندۆڤسکی زۆر بەباشی خۆی لەگەڵ یانەکەمان دەگونجێنێت، راستە گۆڵی نەکردووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گۆڵ دەکات، لیڤا هاوکار دەبێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی بارسا، ئەو یاریزانێکە پارێزگاری لە تۆپ دەکات و تۆپ لەدەست نادات، دەرفەتی دەبێت زۆرترین گۆڵ بکات، چونکە لە شوێنێکی دروستە، لیڤاندۆڤسکی یاریزانێکی گەورەیە و من دڵخۆشم بەبوونی لە تیپەکەمان.

لەبارەی مێسیەوە، چاڤی گوتی: هیوادارم کاتی مێسی لەگەڵ بارسا بەسەر نەچووبێت، پێموایە مێسی شایستەی دەرفەتێکی دیکەیە و هیوادارم بگەڕێتەوە، بیرۆکەی گەڕانەوەی مێسی بۆ ئەم وەرزە نییە و بۆ داهاتوو بزانین چۆن دەبێت.

بارسێلۆنا ئامادەکارییەکی تەواوی بۆ وەرزی نوێ کردووە، تا ئێستا پێنج یاریزانی گواستووەتەوە ریزەکانی، هەریەکە لە فرانک کیسێ، کریستێنسن، رافینا، لیڤاندۆڤسکی و جولێس کۆندی نوێترین یاریزانەکانی بارسان و ئەگەریش هەیە یانە کەتەلۆنییەکە بە سەرکردایەتی خوان لاپۆرتا گرێبەستی دیکەش واژۆ بکات.