بەرپرسێكی ئێران: جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بوومەلەرزەیەکی گەورەیە

"بەریتانیا پارچە پارچە دەبێت"

K24 - ھەولێر

راگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆمی خەڵكی بەریتانیا و بڕیاری زۆرینەی خەڵكی ئەم وڵاتە بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، لە ئێرانیش کاردانەوەی جیای لێکەوتەوە، بەرپرسێكی كۆماری ئیسلامی ئێران جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا بە بوومەلەرزەیەكی گەورە دەزانێت.

جێگری سیاسیی نووسینگەی سەرۆك کۆماری ئێران، حەمید ئەبوتالبی، لە ھەژماری خۆیدا لە تۆڕی تویتەر رایگەیاند: "جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا بوومەلەرزەیەکی گەوەیە، بۆ ئێرانیش دەرفەتێکی مێژووییە و پێویستە کەڵك لەم دەرفتە نوێیە وەربگرین".

ئەبوتالبی پێشبینیی کرد، بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی باکووری ئەوروپا و تیرۆریزم و  قەیرانی کۆچبەران، یەکێتیی ئەوروپا لەبەر یەك هەڵدەوەشێتەوە.

لە هەمانکاتدا باڵی سەربازیی ئێران، بۆچوونێکی دیکەی هەیە و مەسعوود جەزایری، جێگری ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە تەلەفیزۆینی ئێرانی راگەیاند: "ئەم هەنگاوەی بەریتانیەکان دژ بە ئەمریکایە و نایەوێ ئەمریکا ئیرادەی خۆی بەسەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنێت و دوای ئەم راپرسییە، بەریتانیاش پارچە پارچە دەبێت".