به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح داوای گفتوگۆی نیشتمانی له‌ لایه‌نه‌كان ده‌كات

به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراق
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراق

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆماری عێراق، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌ په‌یامێكدا داوای گفتوگۆی نیشتمانی راستگۆیانه‌ی له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرد.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: بە هۆی ئەو دۆخە ناهەموارەی لە ئه‌مڕۆدا یەخەی وڵاتەكەمانی گرتووە، ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین بە هێوركردنەوەی دۆخەكە و زاڵكردنی زمانی ئەقڵ و دیالۆگ و گفتوگۆ، هەروەها پێویستە بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە، پێویستە هەموو رۆڵەكانی عێراق بە هێز و بازووی خۆیان پێكەوە نیشتمان بپارێزن و لە جاران زیاتر یەكڕیز و یەكدەنگبین و نەهێڵین ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەرتەوازەمان بكەن.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: لە پێناو هێوركردنەوەی دۆخی ئێستا و تەشەنەنەكردنی و بە پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندی وڵات و هاووڵاتیان، بە پێویستی دەزانین بەزووترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانی راستگۆیانەی جددی دەستپێبكەین، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بێت و عێراقییەكانیش لەوە دڵنیا بكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین، بەر بەوانەش دەگرین كە دەیانەوێت بە سودوەرگرتن لە ناكۆكییە ناوخۆییەكان خافڵگیرانە پەلاماری وڵاتەكەمان بدەن و گەل و وڵاتەكەمان بە كێشەی لابەلاوە سەرقاڵ بكەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆماری عێراقی ئیتیحادی رایگه‌یاندووه‌، هاوکات جەخت لەوەش دەكەینەوە كە پێویستی زۆرمان بە سازان و گفتوگۆی جددی نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی رابردوو تاوەکو وڵاتەکەمان ببەینە کەناری ئارام، دۆخی ئێستای وڵات و داواكارییە رەواكانی جەماوەر كە دەمێكە سەبر و ئارامی گرتووە، هەموومان دەخاتە ژێرباری ئەركێك قورسەوە، ئەمەشە پێویستی بە كاری ماندوونەناسانەی جددی و لێبڕاو هەیە بۆ راستكردنەوەی هەڵە و کەموکورتییەکانی رابردوو، هەروەها کۆتاییهێنان بە نادادی و ستەمكاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتێكی توانادار كە بتوانێت خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییەكانی بكات و بیانپارێزێت، جگە لەم بژاردەیەش، هیچ بژاردەیەكی دیكەمان لە بەردەمدا نییە.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، نووسیویه‌تی: عێراقییەكان چاوەڕێ ئەوەن خزمەتی زیاتریان بكەین، ئەوان شایستەی ژیانێكی شكۆدارانەی باشترن كە بتوانن بە ئازادی بژین، ئەوان هێشتا بەسەبر و ئارامگرن و دەیانەوێت شكست و نوشوشستییەكانیان تێپەڕێنن، چونكە لە پێناو شكۆمەندی نیشتمان و سەربەزی وڵاتەكەیاندا هیچ نەماوە نەیبەخشن و نەیكەنە قوربانی.