رووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان بە خاکدەسپێردرێن

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 31/7/2022، لە رێوڕەسمێکدا 100 روفاتی ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە بارزان بە خاکدەسپێردرێن.
دوێنێ بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران، رێواس فایهق سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، جێنین هێنس پلاسخارت، نێردهی تایبهتی نهتهوهیهكگرتووهكان له عێراق و ژمارهیهك بهرپرسی دیكه لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی لە 100 روفاتی ئەنفالکراوی بارزانییەکان کرا، کە لە بەغداوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان بڵاویکردووەتەوە، گۆڕی بەکۆمەڵی 100 لە ئەنفالکراوە بارزانییەکان لە بیابانی عەرعەر-ی سەر بە پارێزگای موسەنا دۆزراوەنەتەوەو پرۆسەکە 14 رۆژی خایاندووە، روفاتەکانیش بەشێوەیەکی زانستی گواستراونەتەوە بەغدا بۆ ئەوەی رێکارە پزیشکی و یاساییەکان تەواوبکرێن، لە بەدواداچوونەکانیش دەرکەوتووە گۆڕی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکانە و، لەلایەن رژێمی بەعس گولـلەباران کراون و بە شۆفڵ خۆڵ بەسەر تەرمەکانیاندا کراون.
جینۆسایدی بارزانییەکان لەلایەن رژێمی بەعس، لە 31ی تەممووزی 1983 بە چەند قۆناغێک دەستیپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و گەنجی بارزانییەکان جینۆساید کران، رژێمی بەعس ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە دەربخات، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەرکەوت بارزانییەکان بە فەرمانی سەدام حوسێن ئەنفالکراون و لە بیابانەکانی باشووری عێراق لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون.
پێشتر بە ژمارەیەک رووفاتی دیکەی ئەنفالکراوی بارزانییەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی باشووری عێراق دۆزراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 2004دا، 513 روفاتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی پارێزگای موسەنا دۆزرانەوە و لە ساڵی 2005 لە رێوڕەسمێکدا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕێندرانەوە کوردستان و، لە گۆڕستانی تایبەت بە ئەنفالکراوان لە دەڤەری بارزان بەخاکسپێردران.
لە درێژەی پرۆسەکەدا و بۆ جاری دووەم، لە ساڵی 2011 لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی بیابانەکانی باشووری عێراق روفاتی 93 پیاو و گەنجی بارزانییە جینۆسایدکراوەکان دۆزرانەوە.