نەتەوە یەکگرتووەکان: بەنگییەرانییەکی قوڵەوە چاودێری بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکه‌ین

"داوا لە لایەنە عێراقییەکان دەکەین رەوشەکە ھێور بکەنەوە"
ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هه‌ولێر:

ئەنتۆنیۆ گۆتێریس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كرد، بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان و پاراستنی خۆپیشاندەران، رەوشەکە ھێوربکەنەوە و بەسەر ناکۆکییەکاندا زاڵبن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: بەنگییەرانییەکی قوڵەوە چاودێری بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی عێراق دەکه‌ین، کە تێیدا ژمارەیەک کەس برینداربوون، جەخت لەسەر ئازادی رادەبڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانەش دەکه‌ینه‌وه‌، كه‌ مافێکی رەوایه‌ و پێویستە بەردەوام رێزی لێ بگیرێت.

ئاماژە بەوەش كراوه‌، ھانی لایەنە عێراقییەکان دەده‌ین بەسەر ناکۆکییەکانیدا زاڵبن و بە گفتوگۆ حکومەتێکی نیشتمانیی کارا پێکبھێنن، کە داواکارییەکان بۆ چاکسازیی جێبەجێ بکات.

لایەنگرانی رەوتی سەدر دوێنێ دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە،  خۆپیشاندانیان كرد و چوونە ناوچەی سەوز و دواتر له‌ناو هۆڵی كۆبوونه‌وه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەستیان بە مانگرتن کرد و تا ئێستاش مانگرتنه‌كه‌یان بەردەوامە.