عێراق گەورەترین هەناردەکاری نەوتی وڵاتانی عەرەبی بووە بۆ ئەوروپا

"رۆژانە 490 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەوروپا کردووە"
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق
كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

عێراق لە مانگی تەممووزدا یەکەم هەناردەکاری نەوت بووە لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبی بۆ یەکێتی ئەوروپا، بەڵام رووسیا وەک یەکەم سەرچاوەی نەوت بۆ ئەوروپا پارێزگاری لە پێگەکەی کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی ئێس ئاند پی گلۆبال پلاتس، لە نێو وڵاتە عەرەبییەکان، لە مانگی تەممووزدا عێراق یەکەم هەناردەکاری نەوت بووە بۆ یەکێتی ئەوروپا، کە رۆژانە 490 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەوروپا کردووە، لە دوای ئەو جەزائیر لە پلەی دووەمدایە بە هەناردەکردنی 390 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، لیبیا و سعوودیەش بە هەناردەکردنی 300 هەزار بەرمیل بۆ هەر یەکەیان لە پلەی سێیەم و چوارمدان.

بەڵام لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهاندا، تاوەکو ئێستا رووسیا یەکەم هەناردەکاری نەوتی خاوە بۆ ئەوروپا، بە هەناردەکردنی  1.87 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە دوای ئه‌ویش ئەمه‌ریکا لە پلەی دووەمدایە، بە هەناردەکردنی 1.3 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و نەرویجیش لە پلەی سێیەمدایە بە هەناردەکردنی 790 هەزار بەرمیلی رۆژانە.