چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ خۆپیشاندان رێنمایی لایه‌نگرانی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له راگه‌یه‌ندراوێكدا بۆ خۆپیشاندان رێنمایی لایه‌نگرانی ده‌كات و داوای كردووه، خۆپیشانده‌ران قه‌ده‌غه‌یه بچنه ناوچه‌ی سه‌وز و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی رێنماییه تایبه‌ته‌كان بكه‌ن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، شوێنی دیاریكراوی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له شه‌قامی سه‌ره‌كی پردی "چوارده‌ی ته‌مموز"ـه‌وه، كه به پردی "موعه‌له‌ق" ناسراوه، به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز ده‌ستپێده‌كات، واده‌ی دیاریكراویش كاتژمێر 5:00ی ئێواره ده‌بێت.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، ئه‌و بانگه‌وازه ته‌نیا بۆ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نییه و داوا له رۆڵه‌كانی گه‌لی عێراق ده‌كه‌ن، به‌شداری بن له خۆپیشاندانه‌كه، كه ئامانجه‌كه له دژی كه‌سێك یان توێژێكی دیاریكراو نییه و به‌رگریكردنه له ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان و پرۆسه‌ی سیاسی.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: خۆپیشانده‌ران قه‌ده‌غه‌یه بچنه ناوچه‌ی سه‌وز و ده‌بێت چاوه‌ڕوانی رێنماییه تایبه‌ته‌كان بكه‌ن، ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی ته‌واویان له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌رچوونه‌كه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی ئه‌وانه، كه له‌لایه‌ن كه‌سانی دیكه شكێنراوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا داوای ئه‌وه كراوه، ته‌نیا ئاڵای عێراق و ئاڵاكانی حوسێنییه و دروشمه پیرۆزه‌كان هه‌ڵده‌كرێن، دروشمی هه‌راسانكراو ره‌تده‌كرێته‌وه و به‌دوای ده‌نگۆوه مه‌بن.