رەوتی سەدر: چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنگری مەدەنی نییە و حەشد بەکاردەهێنێت

"خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی سەدر پەیوەندیی بە پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی کازمییەوە نییە"
خۆپیشاندانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا - 1/8/2022
خۆپیشاندانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا - 1/8/2022

K24 - هەولێر

بەرپرسی تیمی راگەیاندن لە نووسینگەی موقتەدا سەدر رایدەگەیەنێت، چوارجێوەی هەماهەنگی لایەنگری مەدەنی نییە، بۆیە حەشدی شەعبی بەکاردەهێنێت.

عودەی عەزاری، بەرپرسی تیمی راگەیاندن لە نووسینگەی سەدر لە پارێزگای نەجەف رایگەیاند: خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی سەدر پەیوەندیی بە پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی کازمییەوە نییە.

نیگەرانیی خۆیشی لە خۆپیشاندانی چەکداریی چوارچێوەی هەماهەنگی نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا: چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنگری مەدەنی نییە، بۆیە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خۆپیشاندانەکان بەکاردەهێنێت، ئەوە مەترسی پێکدادان دروست دەکات، بەڵام ئەوان رێگە بە هیچ جەنگێکی مەدەنی نادەن.

عەزاری، جەختیکردەوە: هیچ بنەمایەک بۆ ئەو دەنگۆیانە نییە کە خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر بۆ پاڵپشتیکردن بێت لە حکومەتەکەی کازمی.

ماوەی چوار رۆژە سەدرییەکان دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی لە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق مانیان گرتووە. لە بەرامبەردا دوێنێ 1/8/2022، چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد.