گواردیۆلا جه‌لاد و بكووژی یاریزانانی سه‌ره‌ڕم و ژماره‌ 9

ئێرلینگ هالاند و پێپ گواردیۆلا
ئێرلینگ هالاند و پێپ گواردیۆلا

ئێرلینگ هالاند بە یەکێک لە باشترین گرێبەستەکانی ئەم هاوینە دادەنرێت، بەرامبەر ٦٠ ملیۆن یۆرۆ لە بۆرووسیا دۆرتمۆندەوە پەیوەندی بە مان سیتی کرد، بەڵام مەترسی هەیە ئەو هێرشبەرە نەرویجییە نه‌توانێت لە مانچێستەر سیتی سەرکەوتوو بێت، ئەویش بەهۆی پیپ گواردیۆلاوەیە.

گواردیۆلا کە لەلایەن هەوادارەکانییەوە بە فەیلەسوف ناودەبرێت، بووەتە هۆی گەشانەوەی چەندان یاریزان و دروستبوونی چەندان ئەستێرە، بەڵام بە جەللادی هێرشبەرە کلاسیکییەکان دادەنرێت، بۆیە گومان دەکرێت هالاند بتوانێت لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیسپانییەکە سەرکەوتوو بێت.

گواردیۆلا لە دەستپێکی کاری راهێنەرایەتی لە بارسێلۆنا ساموێل ئیتۆی بەڕێکرد و بە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ شوێنی پڕکردەوە، کەچی دوای تێپەڕبوونی وەرزێک ئیبراشی بەڕێکرد و هەردوو هێرشبەرە ژمارە (9)ـه‌كه‌ نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ پلانەکانی پیپ بگونجێنن و شکستیان هێنا، گواردیۆلا لەپێناوی ئەوەی مێسی وەکو هێرشبەری ون و خەیاڵی یاریی پێبکات، ئیبراهیمۆڤیچ لە باڵەکان یاریی پێدەکرد.

لە بایرن میونشنیش گواردیۆلا هەمان دۆخی بەسەر هێرشبەرە سەرەڕمەکان داهێنا، جگە لە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هیچ هێرشبەرێکی دیکەی کلاسیکی نەیتوانیوە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە ئیسپانییەکە بەردەوام بێت، لیڤا لە بایرن لە کۆی ١٠٠ یاری ٦٧ گۆڵ و ١٩ ئەسیستی لەژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا کرد، دوای وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی بایرن هەر زوو گواردیۆلا ماریۆ گۆمێزی بەڕێکرد، دواتریش دەستبەرداری ماریۆ مانزۆکیچ بوو، ئەو هێرشبەرە ژمارە نۆیەشی بەڕێکرد و هەردوو هێرشبەرەکە بوونە قوربانی بلوژی هێرشبەرانی سەرەڕم.

لە مانچێستەر سیتیش گواردیۆلا دەستبەرداری تەکتیک و پلانەکانی نەبووە، سێرخیۆ ئەگوێرۆی لە یانەکە کردە یەدەگ و دواتر بەڕێیکرد لەکاتێکدا ئەو هێرشبەرە ئارجێنتینییە گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە، دواتر بڕیاری بەڕێکردنی گابریێل خیسۆسیشی دا و وەرزی رابردووش زۆربەی یارییەکان هێرشبەرە بەڕازیلییەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دادەنا.

نزیکەی دوو ساڵە گواردیۆلا لە مانچێستەر سیتی بە پلانی هێرشبەری ون و خەیاڵی یاریی دەکات، بۆیە مەترسی هەیە هالاند ببێتە قوربانییەکی دیکەی دەستی فەیلەسوفەکە و هێرشبەرێکی دیکەی ژمارە ٩ لەسەر دەستی پیپ لەناوبچێت.

ئێرلینگ هالاند هێرشبه‌ری نه‌رویجی یانه‌ی مان سیتی
ئێرلینگ هالاند هێرشبه‌ری نه‌رویجی یانه‌ی مان سیتی